گەنجانی پارێزگای سلێمانی لەسەر هەقن
کەریم قادر
بەپێچەوانەی خەڵکانێک، کە دەیانەوێ توڕەیی خەڵکی زۆنی سەوز بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان بەکاربهێنن، ئایا گەنجانی سلێمانی نا هەقن؟
بەراورد بەو خزمەتگوزارییانەی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دابین کراون و ئەو ئازادییەی هەیە، کە بە زۆنی زەرد ناو دەبرێت، لەچاو ئەوەی لە پارێزگای سلێمانی بە ئیدارە سەربەخۆکانییەوە هەیە، کە بەزۆنی سەوز یا ملەوەن ناو دەبرێت، گەنجانی پارێزگای سلێمانی مافی خۆیانە بە توڕەییەوە خۆپشاندان بکەن، چونکە جیاوازییەکە زۆر ئاشکرایە. ئەم جیاوازییەش بۆ بایەخ نەدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو ناوچەیە ناگەڕێتەوە، وەک ئەوەی بەرپرسانی ئەو دەڤەرە بۆ شاردنەوەی شکستەکانیان دەیژەنن. واتە توڕەبوونی گەنجەکان لە بەرپرسانی ئەو ناوچەیە نەک حکوومەت یا پارتی. لای هەموویان، بەتایبەتی گەنجان ئاشکرایە، کە یەکێتی بڕیاردەر و دەسەڵات بەدەستی ئەو ناوچەیە، پارتی هیچ دەسەڵاتێکی لەم زۆنە(کانتۆنە) نییە، تەنانەت ئەگەر حکوومەت بیهەوێ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری لەو دەڤەرە جێبەجێ بکات، دەبێ پێش ئەوەی هەنگاوێک بنێ، رەزامەندی ئەم کێخوا و ئەو کێخوا وەربگرێ، ئەگەرنا لە بێشکەدا سەری دەبڕن و دەیکەنە قوربانی قاسەکانیان.
کەواتە، لە دابین نەکردنی خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای سلێمانی، نە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نە پارتی دیموکراتی کوردستان بەرپرس نییە، بەڵکو بەهۆی ئەو فرە کێخواییەی هەیە، حکوومەت دەستی بەستراوەتەوە وەکو پێویست خزمەتی ئەو دەڤەرە قوربانیدەر و کۆڵنەدەرە بکات.
دیسان گەنجانی سلێمانی، کە بەگەنجی پڕ لە جوڵە ناسراون، مافی خۆیانە لەو حزبە دەسەڵاتدارەی ناوچەکەیان توڕە بن، چونکە بە بەرچاوی ئەوان بێئەوەی سوودی ماقڕێکیان پێ بگات، قاچاخچێتیەکی بێ ئەنداز لە هەردوو دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخان دەکرێ، جگە لەوەش باش ئاگادارن ، کە داهاتی ئەو قاچاغچێتییە لە دابین کردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکە خەرج ناکرێ، بەڵکو هەر رۆژێک بۆ یەکێک لە هاوسەرۆکانی یەکێتیە، رۆژێکیش بۆ ئیدارەی گشتی یەکێتیە، تەنانەت رێی قاچاغ هەیە بەناوی قاچاغچیەکانەوە ناو دەبرێت. راپۆرتە جیهانییەکانیشیان لە هزر ماوە، کە چۆن باسی هەردوو دەروازەی ناوبراوی کردبوو.
بەپێچەوانەوەی بانگەشەی هەندێک لە هەڵەوەرەکان، لە داهاتی هەولێر و دهۆک پارە بۆ دەڤەری سلێمانی خەرج دەکرێ، تەنانەت بەرپرسە حزبییەکانی ئەم ناوچەیە لەو پارەیەش بۆ خۆیان دەبەن.
دیسان گەنجانی سلێمانی مافی خۆیانە توڕە بن، چونکە لە بیریانە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بڕیاری ئەنجامدانی چاکسازییەکی گشتگیری کرد و گوتی:” من ئامادەم هەرچی گەندەڵی و کاری نایاسایی و بندیوار هەیە لە سنووری پارتی کۆتایی پێ بێنم، لە لایەن پارتیشەوە هەموو دەسەڵاتێکم هەیە ئەو چاکسازیانە بکەم.”
بەڵام بە هۆی فرەکێخواییەوە ڕێگری لە ئەنجامدانی چاکسازی دەکرێت، رێگە نادرێ ئەو پرۆسەیە، کە داخوازی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بکەوێتە سەرپێ و راستە رێی خۆی بگرێت. خەڵک، بەتایبەتی گەنجانی پڕ لە وزە ئەو راستیانە دەبینن، بۆیە بەتوڕەییەوە هاتنە سەر شەقام، کە هاتنەکەی ئەمجارەیان بە ناڕاستەوخۆ دژ بە بەرپرسانی یەکێتی بوو، چونکە جگەلەوەی بەهۆی خیانەتەکانیانەوە گیانی نیشتمانپەروەریان لە لایان کوشت، پارێزگاکەشیان کردووە بە کوانوی پیلان دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان، کاتێکیش بەرپرسە ساختەکارەکان لە پەیامی دروستی خۆپشاندەران تێگەیشتن، کەوتنە سەرکوتکاری و ڕەشبگیریی و گرتن و کوشتنی خەڵک، بە مەبەستی درێژەدان بە قاچاغچیتییەکانیان. ئێستاش کە کاسە پڕ بوو لێێ دەڕژێتەوە، بەڵام دوای بەکارهێنانی دەسەڵاتەکان بۆ دەمبەستنی گەنجانی سلێمانی، تۆپ بەئاراستەی گۆڵی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە لە ژێر پێی گەنجان دایە.