ئهندامێكی پهرلهمانی كوردستان : ناوچەكانی پەلكانە و خاكی كوردان ڕووبەڕووی تەعریبێكی بەرنامەبۆداڕێژراو بوونەتەوە
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە پاش نەمانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی كەركووك، ناوچەكانی پەلكانە و خاكی كوردان ڕووبەڕووی تەعریبێكی بەرنامەبۆداڕێژراو بوونەتەوە. دەشڵێت، ئەوەی ڕوو دەدات، سەرەتایەكی تازەیە بۆ تەعریب لەو ناوچانە.
د. گەلاوێژ عوبێد سیان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە: “پەلكانە زۆر دەمێكە بووە بە ئامانجی عەرەبە بەدووەكان و كۆنە بەعسییەكانی كەركووك، حەشدی شەعبی و بەشێك لە بەرپرسە سەربازی و ئیدارییەكانی ئەو ناوچانەیەش هۆكارن بۆ گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەكان بۆ سنوورەكە، ئەوەی كە ئێستاش ڕوو دەدات، داگیركارییەكی ئاشكرایە و لەگەڵ ئەوەش هیچ دەقێكی یاسایی نییە ئەو مافە بداتە عەرەبی هاوردە كە بەو شێوە بەرفرانەو بە ئاشكرا دەستدرێژی بكاتە سەر ماڵ و موڵكی كوردە ڕەسەنەكانی ناوچەكە”.
سیان گوتیشی، ئەوان وەك پەرلەمانی كوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو داگیركارییە دەكەن كە ئێستا لە ناوچەكە ڕوو دەدات، لە هەوڵەكانیشیان بەردەوامن بۆ وەستاندنی ئەو زوڵم و زۆرەی كە لە كوردانی ناوچەكە دە كرێت، خۆشبەختانە لیژنەیەك لە پەرلەمانی عێراق پێك هاتووە و سەردانی ناوچەكە دەكات، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە كێشەكە چارە بكات.