سەرۆکی حکومەت و نێردەی تایبەتی ئه‌مه‌ریکا بۆ سووریا پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا دواین هەوڵ و هەماهەنگییەکان بۆ روبەڕوبونەوەی چەکدارانی داعش تاوتوێ دەکەن و هەردوولا هاوڕابوون کە ئەو رێکخراوە تائێستاش مایەی هەڕەشەیە، لای خۆیەوە مەسرور بارزانی رایگەیاند، لەماوەی “رابردودا پەکەکە هێرشیکردوەتە سەر پێشمەرگە و خۆی خزاندوەتە ناو خۆپیشاندانەکان، ئەوەش هەڕەشەیە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە”.

 

ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆیل رەیبێرن نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ سوریا ئەنجامداوە، بەگوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیران لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی سوریا کراوە . هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەبوونی گفتوگۆی ئاشتیانە لە نێوان لایەنە کوردییەکانی سوریا کردەوە لە پێناو پەرەدان بە ئازادی و فرەلایەنی سیاسیی و هاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا. هاوڕابوون لە سەر ئەوەی کە تیرۆریستانی داعش هێشتاش مایەی هەڕەشەن.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە هێرشی شەوی ڕابردووی “چەکدارانی پەکەکە کرد بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری ئامێدی و بە تووندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد.
ڕوونیشیکردەوە کە لەم ماوەیەدا ، سێ پێشمەرگە و کارمەندی ئاسایش، لە سەر دەستی چەکدارانی پەکەکەوە شەهید کراون. هوشداریشیدا کە ئەم هێرشانەی پەکەکە و هەوڵەکانیان بۆ دەستێوەردان و خۆخزاندنە نێو خۆپێشاندانی ئاشتییانەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات”.

 

مەسرور بارزانی جەختی کردوەتەوە، “کە پێویستە ھێزەکانی سوریای دیموکرات ( هەسەدە ) لە ژێر هەژمونی پەکەکە بێتە دەرەوە و نابێت چیتر ڕێگە بدرێت پەکەکە سوود لەو هاوکاریانە وەربگرن کە پێشکەشی ھەسەدە دەکرێن”.
Back to top button