ليزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی: ئه‌و قوتابیانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌خوێنن له‌ تێچووی پشكنینی كۆرۆنا ده‌به‌خشرێن

دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك قوتابی كه‌ له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌خوێنن داواكاریه‌كیان گه‌یانده‌ په‌رله‌مانی كوردستان و دواتر په‌رله‌مانی كوردستان داواكه‌ی بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نارد به‌ مه‌به‌ستی هاوكاری كردنی ئه‌و قوتابیانه‌ی له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌خوێنن تا له‌ تێچووی پشكنینی كۆرۆنا ببه‌خشرێن په‌رله‌مانتارێكی پارتی رایگه‌یاند كه‌ بڕیاری به‌خشینی قوتابیان ده‌رچوو.

لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگه‌یاندووه‌ كه‌ دوای ئەوەی لە رێککەوتی 6/12/2020 لەرێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە داواکارییەکمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردبوو سەبارەت بە گرانی نرخی تێستی کۆرۆنا لە خاڵە سنوورییەکان و دیاریکردنی ژمارەیەک پێشنیار بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی سەرشانی ئەو هاوڵاتیانەی کە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، خۆشبەختانە بەڕێز وەزیری تەندروستی هەرێم لە رێککەوتی 13/12/2020 بە بریارێک لێخۆشبوونی تێچووی تێستی کۆرۆنا لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکانی وشکانی و ئاسمانی بۆ قوتابیانی ئازیز دەرکرد.

هه‌روه‌ها ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌شنوسێت: ئەم بریارە شایەنی دەسخۆشییە و چاوەرێی بریاری گرنگی زیاتریشین بە تایبەت سەبارەت بە کەمکردنەوەی نرخی تێستی کۆرۆنا بۆ سەرجەم ئەو هاوڵاتیانەی کە گەشتی دەرەوە ئەنجام دەدەن.

هه‌روه‌ها لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكیه‌ی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ پێویستە تەواوی ئەو کۆمپانیانەی لە خاڵە سنوورییەکاندا تێستی کۆرۆنا ئەنجام دەدەن پابەندی ئەم بریارەی وەزارەتی تەندروستی بن و ئێمەش بەچری لە چاودێریدا دەبین و هاوڵاتیانی ئازیز دڵنیا دەکەینەوە زۆر بە گرنگییەوە بەردەوام دەبین بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا بێت.

 

Back to top button