بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ھەرێم و بەغدا لە یەك نزیك بوونەتەوە و گەیشتوونەتە رێككەوتن، تەنھا ھەندێك وردەكاریی تەكنیكی ماوە

 

دوای هەفتەیەک گفتوگۆی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی عێراق لە بارەی یاسای کورتهێنانی بودجەو پڕۆژەی بدوجەی ٢٠٢١ بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ھەرێم و بەغدا لە یەك نزیك بوونەتەوە و گەیشتوونەتە رێككەوتن، تەنھا ھەندێك وردەكاریی تەكنیكی ماوە .
ئەحمەد سەفار په‌رله‌مانتاری پارتی و بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق راگه‌یاندووه‌: “شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق و لایەنەكان بەردەوامن لە گفتوگۆكردن و لێكنزیكبوونەوەی باش لە نێوان ھەردوولا ھەیە و گەیشتوونەتە رێككەوتن، بەڵام ھەندێك وردەكاری ماوە لەسەری بگەنە رێككەوتن، ئەو وردەكاریانەش زیاتر تەكنیكین”.

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق گوتیشی: “دانوستانەكان بەردەوام دەبن تاوەكو دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی و بڕیارە شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە بەغدا بمێنێتەوە و نەگەڕێتەوە بۆ ھەرێمی كوردستان تاوەكو ئەمجارە دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی”.

هەروەها راشیگەیاندووە، جارێ وردەكارییەكان ماون یەكلا بكرێنەوە لە نێوان ھەردوولا و ھەر كاتێك گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی، ئەوكات بە فەرمی رایدەگەیەنن.

 

Back to top button