سەرچاوەیەک لە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی وەڵامی تویتێکی (ھادی عەلی) دەداتەوە

سەرچاوەیەک لە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی وەڵامی تویتێکی (ھادی عەلی) دەداتەوە…

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (ھادی عەلی)، لە لاپەڕەی خۆی لە توویتەر، لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان، لە بری پیرۆزبایی، وشەی خێر، چارەسەر، تەبایی و یەکڕیزیی، کەوتۆتە نێو ڕق و ھەڵە و ناخێرەوە، بۆیە لێرەدا دەڵێین:
_ دەستپێک بەرێزیان دەڵێن : ( ئەمڕۆ بە حساب ڕۆژی بەرزڕاگرتنی ئاڵای کوردستانە …)، سەیری ئەم سوکایەتیکردنە، دەڵێت بە حساب )، واتە بڕوای بەو ڕۆژە نییە و جا، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حزبێکی کوردستانی ئاوا بەگومان و نابڕواییەوە بەرخورد لەگەڵ ڕۆژە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی گەلەکەی بکات، دەبێ چۆن و لە کوێوە و بە کام مەنتاڵیت گفتوگۆی لەگەڵ بکرێت؟!..

_ سەبارەت بە کاڵکردنەوەی مانا و پیرۆزییە نەتەوەییەکانیش، دەڵێین : ئەوە بێباوەری تۆ و ھاوشێوەکانتە بە ڕەمزەکانی کوردستان، ئەوە ڕەبتی فیکری و ڕۆحیی ئێوەیە بە ئیخوان، ئیخوانێک، کە دژی مافە نەتەوەییەکانە، ئەوە ڕق و کەراھیەتی کەڵەکەبوو و پەنگخواردووی ئێوەیە بەرامبەر بە نەتەوە و پرسەکانی بۆتە ھۆی کاڵبوونەوەی پیرۆزییە نەتەوەییەکان، نەک دەسەڵاتی شەرعی و ھەڵبژێردراوی کوردستان، کە سەردەمانێک خۆیشت تیایدا وەزیر بووی !..

_ لە کۆتاییدا دەڵێین : ھادی عەلی لە توویتەکەیدا، کە بۆ ڕۆژی ئاڵای کوردستان نووسیویەتی، بە وشەیەک، بەڵێ تەنانەت بە وشەیەک پیرۆزبایی لە ڕۆژی پیرۆزی ئاڵای کوردستان، لە شەھیدانی سەربەرزی کوردستان، لە جەماوەری کوردستان، لە پێشمەرگە و تێکۆشەرانی گەل نەکردووە و، ئیتر ھەر ئەوەندە وەڵامە بەسە و جارێکیتر لێرەوە، داوا لە سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکەین، کە خێرپەیڤ بێت، چونکە کوردستان پێویستی بە ئیحسان و قسەی خێر و یەکڕیزیی و تەبایی سیاسییە و، وشەی خراپ وەک داری زڕ ھیچی لێ شین نابێت !..

Back to top button