وەزارەتی تەندروستی: ئامادەبوونی هاندەران لەخولەكانی كوردستان رێپێدراو نییە
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، راستە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا تاڕادەیەك كەمیكردووە، بەڵام هێشتا مەترسی جددییە و ئامادەبوونی هاندەران لەخولەكانی كوردستان رێپێدراو نییە.
د.ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەفەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، ئامادەبوونی هاندەران بەهەر رێژەیەك لە خولەكانی كوردستان رێگەپێدراو نیە وەكو هەموو مەراسیم و كۆبوونەوەكانی تر تا ئەو كاتەی بڕیاری لەسەر دەدرێت.
حەوێزی روونیكردۆتەوە، راستە رێژی توشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان تاڕادەیەك كەمی كردووە بە بەراورد لەگەڵ چەند هەفتەیەك لەمەوبەر، بەڵام هێشتا مەترسیەكی جددیە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، بۆیە داوا لە هەموو لایەك دەكەن بە بەرپرسیاریەتیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە بكەن.
بەپێی ئاماری ئەمڕۆی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، لە 24 كاتژمێری رابردوودا 156 توشبووی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشانكراون، بەوەش كۆی گشتی توشبووان گەیشتە 101 هەزار و 543 توشبوو.