سەرۆكی حكوومەت بودجەی بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان دابین كرد
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕی دوو ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان دابین كرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی ، دوای نووسراومان بۆ چارەسەركردنی زیانەكانی بەنداوی دەربەندیخان، بە سوپاسەوە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا بە تەرخانكردنی بودجە بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكە.
باسی لەوەش كردووە، بڕی پارەكە دوو ملیار و 282 ملیۆن دینارە بۆ بەمەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی چارەسەركردنی زیانەكانی بەنداوی دەربەندیخان.
لە مانگی تشرینی دووەمی 2017 بوومەلەرزەیەك لە هەرێمی كوردستان ڕووی دا و بەو هۆیەوە زیانێكی زۆری مادی هەبوو و بەنداوی دەربەندیخانیش یەكێك بوو لەو شوێنانەی زیانی بەركەوت.