CIA چەند بەڵگەنامەیەكی مەترسیدار لەسەر PKK بڵاودەكاتەوە
خواكوڕك
لە چوارچێوەی یاسای ئازادی زانیارییەوە ئاشكرا كراوەكان،دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا CIA چەند زانیارییەكی نوێی كە چەند بەڵگەنامەیەك لەسەر PKK تێدابووە بڵاوكراوەتەوە، لەوانەش كوشتنی چەندین كەسایەتی نەیاری ئەو حزبە و سەپاندنی سەرانە بەسەر هاووڵاتییاندا.
لە راپۆرتێكی هەلسەنگاندنیCIA كە ماوەی 31 ساڵە كاری تێدا دەكرێتو تازە بڵاوكراوەتەوە ، لەبارەی پەكەكەوە هاتووە كە هەموو حزبە نەیارەكانی كوردستان بەناپاك و بەكرێگیراو دەزانن، بەو بیانووەشەوە بەنێوی گەلی كورد دەستیان بەكوشتنی نەیارەكانیان كردووە.
لە راپۆرتەكانیCIA هاتووە دەڵێن پەكەكە لە دوای ساڵی 1980ەوە چالاكییەكانی بردووەتە نێو خاكی سوریا، لە هەمان كاتدا لە رۆژئاوای ئەوروپاش دەستیان بەچالاكی و چەكداركردنی كوردانی ئەوروپا كردووە.
لەبارەی سەرچاوەی ئابووریی پارتەكەشەوە هاتووە كە PKK زۆربەی داهاتەكانی لە ڕێگەی كۆكردنەوەی باج و سەپاندنی سەرانە بەسەر خەڵكی كورد لە ئەوروپا كۆدەكاتەوە، لەوانەش بەتایبەتی كۆكردنەوەی پارە لە كوردانی شاری تسیلەی ئەڵمانیا لە ساڵی 1986 بەمەبەستی كڕینی جلوبەرگ بۆ چەكدارانی پەكەكە.
هەروەها PKK چەندین دەزگا و كۆمەڵەی بەنێوی جیاجیا كردووەتەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیانەوە داهات و بەخشین بۆ بەڕێكردنی چالاكییەكانی حزبەكە پەیدا بكات.
لەو بەڵگانەدا كە دوای 25 ساڵ بڵاوكراونەتەوە، ئەوەش هاتووە كە ڕژێمی حافز ئەسەد سەرۆكی مردووی سوریا و باوكی بەشار ئەسەد سەرۆكی ئێستەی ڕژێمی سوریا، تا كۆتایی هەشتاكان بەردەوام هاوكاری زیاتری “ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان”ی كردووە. (ڕاپۆرتەكە مەبەستی لە PKKیە).
ئەوەش هاتووە كە هاوكارییەكانی ڕژێمی ئەسەد بۆ PKK لە كاتی شەڕی عێراق و ئێراندا گەیشتووەتە لوتكە، ئەو كاتە PKKش پێویستی زیاتری بەهاوكاری دەرەكی هەبووە.
شایەنی گوتنە, PKK لە ساڵی 1993 لەلایەن ئەڵمانیاوە خرایە لیستی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە، لەلایەن ئەمەریكاشەوە لە ساڵی 1997 و لەلایەن كەنەداوە لە ساڵی 2002 و لەلایەن ئوسترالیاشەوە لە ساڵی 2005 وەك ڕێكخراوی تیرۆریستی ناسێنرا. هەروەها یەكێتی ئەوروپاش ساڵی 2001 چالاكییە ئاشكراكانی PKKی قەدەخە كرد و خستیە لیستی تیرۆرەوە.