وڵاتانی به‌شدار له‌ رێككه‌وتنی 5 كۆ یه‌ك تایبه‌ت به‌ ئه‌تۆمی ئێران داوا ده‌كه‌ن ئه‌مریكا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌

 

 

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا بڕیاریدا كه‌ له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران كه‌ ساڵی 2015 واژۆی كرد، ده‌كشێته‌وه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی واژوویان له‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی كردووه‌ پێیان باشه‌ ئه‌مریكا بۆ رێككه‌وتننامه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و ئاماده‌ن بۆ تاوتوێكردنی ئه‌م بابه‌ته‌.

 

نووسینگه‌ی نوێنه‌ری باڵای یه‌كێتیی ئه‌ورووپا بۆ ئاسایش و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌، جۆزێپ بۆرێڵ ئاشكرایكرد، له‌ رێگه‌ی ڤیدیۆكۆنفڕانسه‌وه‌ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی واژوویان له‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران كردووه‌‌، كۆبوونه‌ته‌وه.

 

كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی جۆزێپ بۆرێڵ ئه‌نجام دراوه‌ و جگه‌ له‌ ئێران نوێنه‌ری هه‌ریه‌ك له‌ چین، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، رووسیا، به‌ریتانیا و یه‌كێتیی ئه‌ورووپاش به‌شدارییان تیادا كردووه‌.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی گرنگی به‌رده‌وامییدان و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی كراوه‌ و به‌ پێویست زانراوه‌ تاوتوێی كۆسپه‌كانی به‌رده‌م ئه‌و به‌ڵێنانه‌ بكرێت كه‌ دێنه‌ پێش له‌ هه‌ڵگرتنی سزاكانی سه‌ر ئێران.

 

وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ سه‌رنج خستنه‌ سه‌ر گرنگی نیازپاكی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم، جه‌ختیان له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه‌ی دیپلۆماسی بووه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئاسایش له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و جیهانیش.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جارێكی دیكه‌ نیگه‌رانی ده‌ربڕدراوه‌ له‌ كشانه‌وه‌ی‌ تاكلایه‌نه‌ی ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ رێككه‌وتننامه‌كه‌ به‌ باش زانراوه‌ و وڵاتان ئاماده‌یی خۆیان نیشان داوه‌ بۆ تاوتوێكردنی ئه‌م بابه‌ته‌.

Back to top button