سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق گەیشتە هەولێر
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتە هەولێر و بڕیارە پرسی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی کوردستان تاوتوێ بکات.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە عەبدولغەنی ئەسەدی، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی گەیشتە هەولێر، لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ پێشوازی لێکرا و دواتر کۆبوونەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئامانجی سەردانەکە باسکردنی ئەو بابەتانەیە کە جێگەی گرنگی پێدانی ئەمنی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانن، هەروەها “بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەولێر و بەغدا ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەیە”.