دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بڕیاری کۆتایی دەدات
ئەمڕۆ سێ شەممە، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کۆدەبێتەوە و بڕیاردەدات.
ماهسونی کارامان پارێزەری تایبەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، چاوەڕوانین دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارێکی توند لەسەر ئەو دۆسیەیە بدات و تورکیا پابەندبکات بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاش.
دەمیرتاش لە 4ی تشرینی دوەمی ساڵی 2016ەوە دەستگیرکراوە و لەوکاتەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنەیە، لەماوەی رابردووشدا لە نوسینەکانیدا بەردەوام رەخنە لە دەسەڵاتی ئاکپارتی و ئەردۆگان گرتووە.
پێشتر دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە 20ی تشرینی دوەمی 2018 بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشی داوە، بەڵام دادگای تورکیا لە 4ی کانونی یەکەمی هەمان ساڵدا لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە بڕیاری زیندانیکردنی دەمیرتاشیدا سەپاند.