جوتیار عادل: چاوەڕێ دەکەین بەر لە کۆتایی ئەمساڵ عێراق پشکی هەرێم لە یاسای کورتهێنانی بوودجەمان بۆ بنێرێت

 

 

 

 

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بەڕێوەچوو و تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەنجامی گفتوگۆ و دانوستانەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەی بۆ میدیاکان خستەڕوو.

 

جوتیار عادل لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند “لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا سەرۆکی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان ئەنجامی گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی لە بەغدا باس کرد، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ستایشی رۆڵی ئەو شاندەی کرد لە بەرامبەر ئەو کارەی ئەنجامیاندا، خۆشبەختانە ئەنجامی گفتوگۆ و مانەوەی ئەو شاندە لە بەغدا دەستکەوتی باش بووە و ئێمە چاوەڕوان دەکەین حکوومەتی عێراق بەر لە کۆتایی ئەمساڵ ئەو پشکەی کە بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت لە یاسای کورتهێنانی بوودجە بۆمان بنێرێت، و حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە دەرگای گفتوگۆ کراوە دەبێت لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەڵام لە هەمان کاتدا بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ناکەین”.

 

جوتیار عادل گوتیشی “وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوورین لەسەر ئەوەی ئەو بابەتە نەکرێتە کارتی فشاری سیاسیی و قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەکاربێت بۆ فشاری سیاسیی، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە ئەم بابەتە دارایی و کارگێڕی و هونەرییە و بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە رەهەندی سیاسیەوە نییە”.

 

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم راشیگەیاند “حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵ ببینێت وەک چاودێر و لایەنی سێیەم بۆ چاودێریکردنی ئەو گفتوگۆیانە و وەک شاهیدێک لەسەر رێڕەوی ئەم دانوستاندنانە وە ببێتە لایەنێکی سەربەخۆ و بێلایەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە لەنیوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە”.

 

گوتیشی “قسە و هەڵوێستی هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران یەک بوو لەو بابەتە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە هیچ بیانوویەک نەماوە کە ببێتە رێگر لە رێکنەکەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە هەموو ئەو مەرجانەی لەچوارچیوەی دەستووردا هاتووە، بۆیە ئێمە لەم سۆنگەیەوە و لە سۆنگەی پەرۆشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نییەتی رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عیراق هەیە”.

 

جوتیار عادل راشیگەیاند “بابەتی دووەمی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ هەر پەیوەندی بە بابەتی بڕگەی یەکەمەوە هەبوو لە مەسەلەی داهات و خەرجی و خۆئامادەکردن بۆ بوودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخستنەوەی داهاتەکان، لە رۆژی ٥ی کانوونی یەکەم، سەرۆکی حکومەت وەزیری دارایی و پلاندانانی راسپاردووە بۆ ئامادەکردنی پرۆژەی بوودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ لەم کۆبوونەوەیەش باسکرایەوە و هەردوو وەزارەت پیشنیازی خۆیان پیشکەشکرد بەڵام پێویستی بە دیراسەکردنی زیاترە، پێشنیازیش کرا کە ئەنجوومەنی ئابووری کۆبوونەوە بکات لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەم پرۆژە یاسایە”.

 

لەبارەی ئەوەی لە چوارچێوەی یاسای قەرز هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “ئێمە پابەندیی خۆمان بە جێبەجێکردنی یاسای قەرز نیشانداوە، شاندەکە بۆ ئەوە چووە بەغدا کە یاساکە جێبەجێ بکرێت، کۆبوونەوەی زۆر باش کراوە لەگەڵ حکوومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان و بەڵینیانداوە پێش سەری ساڵ بەشە بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە یاسای قەرز دەستنیشان بکەن و رەوانەی بکەن، هیوادارین ئەم بەڵێنە بەرنەسەر”.

 

گوتیشی “حکوومەتی عیراق ئەمساڵ سەرباری ئەوەی رێککەوتنیشمان هەبووە تەنیا شەش مووچەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و شەش مووچە قەرزارە، بەڵام ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەشت مووچەمان داوە و ئێستا شەش مووچەمان لای حکومەتی عێراقە کە هیوادارین وەک مافێکی خۆمان بەزووترین کات بۆمانی بنێرن”.

 

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل راشیگەیاند “راستە لە بوودجەی 2021 دا پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.7% جێگیرکراوە بەڵام ئەمە قۆناخی یەکەمە، قۆناخی دووەم دەکەوێتە سەر هێز و لایەنە سیاسییەکان چ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و چ لەسەر ئاستی عێراق، داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین هەموو هەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەیە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕبێت”.

 

جوتیار عادل لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا دەربارەی دۆخی سەر سنوورەکان و داواکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا کە هێز لە ناوچە سنووریەکان جێگیربکات، رایگەیاند “بەڵێ بۆ نیشاندانی نیازپاکی کە هەرێمی کوردستان بانگەشەی شەڕ ناکات، داوای لە هێزی ئەمریکا کردووە ببێتە ناوەندی هەردوو هێز بۆ ئەوەی هیچ شەڕێک روونەدات، ئەوەش نیەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە دام و دەزگا و خەڵکی هەرێمی کوردستان بپارێزێت”.

 

Back to top button