کارتی بەهێز بە دەست ماوە

 

 

هەژار جەلال

بەر لە دانیشتن لەسەر مێزی دانوستاندن، گرینگە پلانی B هەبێت، چونکە مەرج نییە هەموو دانوستانێک بە میکانیزمێکی دیاریکراو، تەنانەت با تەواو دەستووریش بێت، سەرکەوتوو بێت، نەخاسمە ئەگەر لایەنی بەرامبەر خۆی بەباڵا دەست نیشان بدات.
لە دانوستاندنی ئەمجارەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هیچ هۆکارێک نەماوە عێراق مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین نەکات، کە لە دەستوور چەسپێندراون، لەبەرامبەر ئەوە بەغدا قسەی مەنتیقی نییە، ئەوەی دەشیکات زیاتر پەڵپ گرتنە تا هەوڵ بۆ چارەسەر. واتە بەئاراستەی کەمکردنەوەی کەلێنەکان تا بە نەمانیان دەگات، چاوەڕێی خێری لێ ناکرێت.
ئەوەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، شەڕە تەقەی (شەڕی مەیدانی) نێوان دوو هێزی سەربازی) نییە بۆ بردنەوە و دۆڕان، بەلکو شەڕی جێبەجێ کردن و نەکردنی دەستوورە. بەدیوێکی دی ئەوەی وای کردووە ئێستا عێراق لە هەر کات زیاتر گوێ بە دابین کردنی مافەکانی هەرێمی کوردستان نەدات و بەلاوز بیبینێ، پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکگوتارییە لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر میکانیزمی چارەسەری کێشەکان. ئەگەرنا عێراق ئەو هێزە نییە، چونکە شتێک بەمانای هێز بوونی نییە، ئەوەی لەهەموو دەراوەکان بوونی هەیە ملیشیا ناتەباکانن، کە لە دەرەوە هەڵدەسوڕێندرێن بۆ ناسەقامگیری و راستەڕی نەبوونی عێراق، کە بە یەک خۆپشاندان ئاگر لە کەوڵیان بەربوو. ئەوەی لەم وێنەیە جێی هەڵوەستە کردن و کار لەسەر کردنە، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو راستییە دەزانن، بەڵام بەئومێدێک لەگەڵ دۆخەکە دەڕۆن تا سوپەرمانێک هەڵکەوێ و بتوانێ کۆتایی بە ملیشیاکان و کورت کردنەوە یا بڕینی دەستی ئێران بهێنێ. ئەم خەیاڵ کردنە ئێکسترا هەڵخەڵەتاندنە تا هەقیقەت، چونکە ئەو بەڵێنە تاقی کراوەتەوە، بەڵام، کاتێک لە ئەنجوومەنی نوێنەران روبەڕووی وێنە واقیعەکە دەبنەوە، نەک کار بە بەڵێنەکە ناکەن، بەلکو دەچنە ژێرباریش. وەک ئەوەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەیکەن، بە هەقدارت دەبینن، بەڵام هەقیشت نادەنێ. هەر کەسەکی دیش بێت، تووشی هەمان بەزم دەبێتەوە تا ئەو عەقلیەتە باڵا دەست بێت و کار بە سیاسەتی رۆیشتن لەگەڵ بەڵێن بکرێ.
واتە، ئەگەر مەبەست سەقامگیری و دامەزراندنەوەی عێراقە، سیاسەتی بە نەرمی رۆیشتن لەگەڵ واقیعەکە دۆخەکە چارەسەر ناکات. بەپێچەوانەوە هێزی باڵا دەست، غرورتر دەکا. لێرە بۆ رزگارکردنەوەی پێویستە پلانی Bبەکار بهێندرێ. ناکرێ لایەنە پەیوەندیدارەکان تەنها چاوەڕێی مووشەکی ملیشیاکان بن، پێویستە حکوومەت ناچار بکەن شەڕی ئەو گرووپانە بکات بۆئەوەی چیتر وێنەکە لە تاریکی نەمێنێتەوە. لەم راستەوە، هەرێمی کوردستان لە رێگەی کارتە بەهێزەکانی دەستی، وەک:
یەکەم، دۆزینەوەی میکانیزمی کۆتایهێنان بە ناکۆکییە ناوخۆکان و شەڕفرۆشتنە سیاسییەکان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان.
دووەم، حەرام کردن و رێگە نەدان بە چوونی هیچ شاندێک بۆ بەغدا لە دەرەوەی شاندی دانوستکار.
سێیەم، کێشانەوەی سەرجەم نوێنەران لە دامودەزگا و دامەزراوەکانی عێراق.
چوارەم، بە ژمارە یەک کردن و قۆستنەوەی کێشەی جوتیارانی پەلکانە و حەفتەغار.
پێنجەم، رۆڵدان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
شەشەم، کۆبوونەوەی شاندی دانوستکار لەگەڵ نوێنەرە دیپلۆماسییەکانی دەوڵەتان لە عێراق.
بەم هەنگاوانە نەک غروریان تێکدەشکێ، رێگەش خۆش دەبێت بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور، چونکە هێزی رەق، تەنها بە بەکارهێنانی هێزی سۆفت ناگەڕێتەوە. واتە، ئەوەی بەهۆی نەهاتنە پێشی بەرامبەر لە دانوستاندن بەدەست نەهات، دەتوانرێ بە میکانیزمی دیکەی درێژکراوەی سیاسەت بەدەست بێت.

Back to top button