شیرین فوئاد مەعسوم: ھەندێک نوێنەر لە بەغدا بۆ بەرژەوەندی خۆیان دژی ھەرێمی كوردستان کاردەکەن

شیرین فوئاد مه‌عسووم، چاودێری سیاسی و شاره‌زای په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كا هه‌ندێك له‌ نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان كار ده‌كه‌ن و پێی وایه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كورد له‌ به‌غدا، كاتین.

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌، شیرین فوئاد مه‌عسووم، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، رای گه‌یاند، كه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كورد له‌ به‌غدا كاتین، پێوسته‌، هه‌ڵوێستمان له‌ ناوخۆدا یه‌ك بخه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێك نوێنه‌ر ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كارده‌كه‌ن و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن.

ئاشكراشی كرد، كه‌ كێشه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ریش بن‌، چاره‌سه‌ری كاتیین، پرسه‌كه‌‌ ته‌نیا مووچه‌ نییه‌، به‌ڵكوو مادده‌ی (140)یشه‌.

شیرین فوئاد مه‌عسوم، بۆ كوردستان 24 ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌ هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاوی هاووڵاتیانی كوردستان ناشیرین بكه‌ن، ده‌یانه‌وێت خۆیان به‌ به‌غدا ببستنه‌وه‌، ره‌نگه‌ بیانه‌وێت بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌نگ بهێنن و پشتیوانیی حزبه‌ عێراقییه‌كان به‌ده‌ست بهێنن، تا پۆستی زیاتر له‌ به‌غدا وه‌ربگرن.

ئه‌وه‌شی ده‌ربڕی، له ساڵی 2003ـه‌وه‌‌ شكستی سیاسی له‌ عێراق هه‌یه‌، سه‌ره‌تا كێشه‌كان زه‌ق نه‌ده‌كرانه‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌هۆی فشاری ئه‌مه‌ریكییه‌كان بوو، كوردستان ئه‌زموو‌نی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌ بۆ رێككه‌وتن، كه‌ له‌گه‌ڵیان داده‌نیشین، لایه‌نی عێراقی وا نیشان ده‌ده‌ن، هاوڕان له‌گه‌ڵ هه‌رێم، به‌ڵام له‌ په‌رله‌مان ده‌نگ به‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ ناده‌ن.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، كه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كورد، له‌ ناوخۆدایه‌، پێویسته‌ یه‌ك هه‌ڵوێستمان هه‌بێت، یه‌ك سه‌رۆكمان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بێت، به‌ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپاش چاره‌سه‌ر نابێت.

ئاماژه‌ی كرد، ‌هه‌ندێك نوێنه‌ر له‌ به‌غدا هه‌ن‌، خاڵه‌ لاوازه‌كانی كورد ده‌ده‌نه‌ عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان بده‌ن.

Back to top button