بەشێک لە وردەکاری ئاگرکەوتنەوەی پاڵاوگەی گەورکۆسک ئاشکرا  دەکرێت

 

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێرلە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وردەکاری هۆکاری ئاگرکەوتنەوەی پاڵاوگەی گەورکۆسک دەخاتە روو .

سەرکەوت کارەش ڕایگەیاند : “کاتژمێر 10:10 خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە تیمی بەرگریی شارستانیی گەورکۆسک ئاگادار کرایەوە کە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگەی گەورکۆسک هەیە، بۆیە دەستبەجێ تیمی بنکەکانمان و بەتایبەت تیمی بنکەی قەزای خەبات گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام بەداخەوە لە رووداوەکە سێ کەس لە کرێکارانی پاڵاوگەکە گیانیان لەدەست دابوو، دوو کەسیش بریندار بوون”.

گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر هاوکات باس لە بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان دەکات و دەڵێت ،”ئێستا تیمێکی شارەزا لە بەرگریی شارستانی و دوو ئەفسەر و ئەندازیارانی سەلامەتیی کۆمپانیاکە و بنکەی پۆلیس لە شوێنی ڕووداوەکەن و لێکۆڵینەوەی تەواو لە هۆکاری ڕووداوەکە، چۆنیەتیی ڕوودانی و هاوکات زیانەکانیش دەکەن و پاشان ڕادەگەیەندرێت

لە کۆتاییدا ویڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەوەیکە “هەموو قوربانییەکانی ڕووداوەکە خەڵکی هەولێر و دەوروبەرن گوتی : هێشتا ڕووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوە دایە، چونکە حاڵەتی گیانلەدەستدانی تێدایە و دەبێ ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەی ورد لە تەواوی ڕووداوەکە بکرێت پاشان دەخرێنە ڕوو ، چونکە “ئەم پاڵاوگەیە تیمی ئاگرکوژێنەوەی تایبەتمەندییان هەیە و لەسەر ستانداردی نێودەوڵەتی کار دەکات و هەموو پێوەرە سەلامەتییەکانی تێدایە، بەڵام ئێمە ناچینەوە ناو وردەکارییەوە و با ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە هۆکاری ڕووداوەکە دەربخات، پاشان ڕای گشتی لە هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە ئاگادار دەکەینەوە

“.

Back to top button