د.کەماڵ کەرکوکی : ھەموو كەس بزانێت كەركووك خاوەنی ھەیە و ئەو خاوەنەش دەست لە مافەكانی گەلی كوردستان ھەڵناگرێت

 

د.کەماڵ کەرکوکی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ، وێڕای ڕەت کردنەوەی بە هەرێم کردنی کەرکوک گوتی: راگەیاندنی پڕۆژەی بەھەرێمكردنی كەركووك بێ ئەنجام دەبێت و ئەوەی دەشكرێت، خەڵكێكی خیانەتكار و شۆڤێنین و دژی مافی گەلی كوردستان و گشت عێراق و پێكەوەژیانی ئاشتیانەن. دەشڵێ، گرینگە ھەموو كەس بزانێت كەركووك خاوەنی ھەیە و ئەو خاوەنەش دەست لە مافەكانی گەلی كوردستان ھەڵناگرێت

 

دكتۆر كەمال كەركووكی لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا ئاماژە بە دەستانێکی خیانەتکار دەکات و دەڵێت : “راگەیاندنی پڕۆژەی بەھەرێمكردنی كەركووك، دەستی خیانەتكارانی لە پشتەوەیە، بۆ یەكلاكردنەوەی ئایندەی كەركووك، لە دەستووری عێراق ماددەی ١٤٠ دانراوە و ئەو ماددەیەش بۆ دیاریكردنی ئایندەی كەركووكە، كە دانیشتووانی بۆ ئایندەی شارەكە لە ڕیفراندۆمێكدا بە ئازادی دەنگ دەدەن، كە ئایا ئیدارەكەی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەبن یاخود لەگەڵ حكوومەتی ئیتیحادی، ئەو ڕیفراندۆمەش بۆ ئیدارەدانێتی نەك بۆ چارەنووسی خاكەكەی”.

 

کەماڵ کەرکوکی هاوکات ئاماژە بە مادەی ١٤٠ دەکات و گوتی : “ئەوەی ئێستا ھەوڵی بۆ دەدرێت، خەڵكێكە بۆ ئەوەی شتێكیان دەست بكەوێت خۆیان ھەرزانفرۆش كردووە لەگەڵ خەڵكێكی شۆڤێنی دژی مافی گەلی كوردستان و خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستانن و، ئەوەی من ئاگادارم لە كۆنفرانسەكەدا چەند كەسێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر ھەڵوێستی پاكی خۆیان نیشان دا دەربارەی ئەو بۆچوونە و گوتیان كەركووك نابێتە ھەرێمێك و ماددەی ١٤٠ بۆ  یەكلایكردنەوەی ئایندەی كەركووك دانراوە”.

 

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆتاییدا هەندێک زانیاری تایبەت بۆ ئەو ئامانجە دەخاتە روو ، ڕایدەگەیەنێت : “ئێمە ئاگادارین بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵ ھەیە وەك سەردەمی سەددام، كە كەركووكی پارچە پارچە كرد و ھەر جارەو پارچەیەكی خستە سەر پارێزگایەك، بۆ ئەوەی ڕێژەی كورد لە كەركووك كەم ببێتەوە، لەو كارانەی كردیان ناحیەی زابی كە سەر بە شەرگاتی مووسڵ بوو، خستیە سەر حەویجە بۆ ئەوەی نفوسی عەرەبی كەركووك زیاد بكات، چەمچەماڵی لە كەركووك دابڕی و خستیە سەر سلێمانی و دووزی لە كەركووك لادا و خستیە سەر تكریت (سەڵاحەددین) و زۆر موڵكی لە كورد و توركمان  سەند و دای بە عەرەب، ھەموو ئەو ھەوڵانە بۆ ئەوە بوو ڕێژەی كورد لە كەركووك كەم بكەنەوە و ژمارەی عەرەب زیاد بكات، كە ئەو كارە شۆڤێنیانەی ئەو سەردەمە، ھێشتا بە تەعریب و شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە و ئەنجامەكەشی پووچە، چونكە كەركووك خاوەنی ھەیە و دەست لە كەركووك و ھیچ مافێكی خۆشی ھەڵناگرێت”.

Back to top button