ئازاد جوندیانی : بەغدا بەرامبەر بە كوردستان مەغروور بووه‌

دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان بڕی و سیاسیه‌تی برسیكردنی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیان په‌یره‌و كرد، سیاسه‌تمه‌دارێكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یێنێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق گوزه‌رانی هاووڵاتیانیان كردۆته‌ ئامرازی جه‌نگ له‌ دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان و جەختیش دەكاتەوە كە ”بەغدا بەرامبەر بە كوردستان مەغروورە“.

 

ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار كورد له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ڕایگه‌یاندووه‌، ئەگەر بەغدا بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕێك بكەوێت، ئەوا شاره‌زایانی ئابووری و به‌شێك له‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان و زۆر له ‌چاودێرانیش پێیانوایه‌، له ‌پرۆسه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ی چاكسازیی ئابووری و ئیداره‌ی ئابووریدا، به‌ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی پشت به‌ستن به‌خۆ و به ‌داهاتی خۆمان و به‌ شێوازێك له ‌سیاسه‌تی گونجان له‌گه‌ڵ داهاتی ناوخۆییدا، ده‌كرێ كه ‌ئه‌ندازه‌یه‌ك خۆبژێوی دابین بكرێ.

 

ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ی كورد ده‌شلێت: كوردستان كه‌وتۆته‌ به‌ر شاڵاوی سیاسه‌تێكی ترسناك له ‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداوه‌، بۆیە لەم دۆخەدا دەبێت حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمه‌ڵگا به‌ هه‌موو كه‌رته‌كانی چالاكییه‌ ئابوورییه‌كانه‌وه‌ یه‌كتر ته‌واو بكه‌ن، واتا دابینكردنی لانی كه‌می خۆبژێوی پێویستی به‌ سیاسه‌تێكی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ كه‌ له ‌ڕێی یه‌كتر ته‌واوكردندا حكوومه‌ت و كۆمه‌ڵگا  پێكه‌وه‌ خۆبژێوی به‌رپا بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌دیهات، ئه‌وا له‌و جه‌نگه‌ داسه‌پێنراوه‌ سیاسییه‌كه‌شدا سەركەوتوو دەبین“.

 

هه‌روه‌ها ئازاد جوندیانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ ”‌ئه‌و جه‌نگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌وی دەكەن، گوزه‌ران و بودجه‌ و مووچه‌ی خەڵكیان كردۆته‌ ئامراز و ئامێره‌كانی جه‌نگه‌كه‌، هەرچەندە ئێمە براوه‌ دەبین، چونكه‌ خۆبژێوی ده‌بێته‌ له‌مپه‌ر له ‌به‌رده‌م ئه‌و ویسته‌ی به‌غدا كه‌ ده‌یه‌وێ به ‌برسیكردن ناچارمان بكات خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ بده‌ین و ببینه‌وه‌ به ‌كۆیله‌. كه‌واتە ئێمه‌ لە جه‌نگێكی ئاوێته‌ له‌ ئابووری و سیاسی و سایكۆلۆژیداین“.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: هه‌موو فاكته‌ره‌كان له ‌به‌غدا هی لاوازی و هی هه‌ڵدێرانن، بەڵام تێناگه‌م ئه‌م غروره‌یان له ‌كوێ هێناوه‌؟ ڕه‌نگه‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌و غروره‌یان ئەوە بێ كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌رده‌ست و داگیركه‌ر، هه‌ویری سایكۆلۆژیی ئه‌وانی شێلا بێ“.

Back to top button