کەس نییە نەزانێ!

لەپێناو گەڕانەوەی متمانەی خەڵک و جوداکردنەوەی کارمەندی راستەقینە و شایستە لە کارمەندی حزب، کابینەی نۆیەمی حکوومەت لەچوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی لەسەر راستەڕی کردنەوەی هەڵەی حزبانێک و گەڕانەوەی تەواوی داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ یەک خەزێنە مکوڕە، باجەکەی ئەم مکوڕبوونە هەر چییەک بێت، هەرگیز ناچێتە ژێر باری چارەسەری پینەوپەڕۆ، کە داوا و گوشاری پێچراوی هەندێکانە.
کەس نییە نەزانێ، ئەگەر دزى، گه‌نده‌ڵى، تێبەربوون، تەخشان و پەخشان نه‌بایه‌، به‌ ده‌یان قات به‌رامبه‌رى ئێستا گه‌شه‌مان کردبوو، بەهێزتریش دەردەکەوتین. کە لەسایەی باڵادەستی(هەڵتۆقێندراوان) لەنێوخۆ بەشکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکانیشی هاتۆتە سەر.
بۆئەوەی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان روون بێتەوە، هۆکارەکانی نەمانی متمانەی خەڵک بە حکوومەت چن و لە کوێن، دەهێنێ بەخێرایی چاوێک بە کارو رەفتارەکانی چەند ساڵی رابردوو بخشێنینەوە. چونکە ئەوەی وای کردووە متمانەی خەڵک لە کورتی بدات، حزب و کەسانێکن، کە جگە لەوەی بەردەوام ئاو لە ئاشی نەیاران دەکەن، بە بەرچاوی گەنجانی بێکارەوە، کە هەر نازانن رێێ بەغدا لە کوێیە، قاچاغچێتی دەکەن و داهاتی دەروازە سنوورییەکان حەپەلووش دەکەن. ئەگەرنا هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە و توانای هەیە لەسەر پێی خۆی بوەستێ.
بۆیە لەم پرسەدا، نابێ و ناکرێ تەڕ و وشک بەیەکەوە بدرێتە بەرێ، بە هەڵبژاردنی بێدەنگیش شتەکان راستەڕی نابنەوە، بەڵام گرینگە لەلایەن کەسانی خەمخۆری پێشکەوتن و بەشێک نەبوو لە تێکچوونەکان، کارەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆیان بناسێندرێن.
تەنها بۆ نموونە:
دوای راپەڕین، کاتێک بەغدا بە مەبەستی شکست هێنان بە پێشکەوتنە سیاسییەکان، ئیدارەی خۆی کشاندەوە و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان کەوتە دەست بەرەی کوردستان، دڵسۆز و خەمخۆران، سەرۆک بارزانی لە پێش هەمووانەوە، بەدژی تاڵان کردنی کوردستان دەنگی هەڵبڕی، بەڵام هەبوون نەک گوێیان بەو خەمخۆرییە نەدا، بەڵکو پشتیوانیان لە هێزی پاتاڵ دەکرد و لەپشت خۆیان حەشاریان دەدان، لەپێناو خۆدەوڵەمەند کردن لەسەر حسابی شۆڕش ئەوەی پارەی دەکرد، بەدەستەواژەی ئەوکات، ئاودیو کرا، تا پەتای تاڵانکردن تەشەنەی سەند، ڤاکسینەکەش( پرۆسەی چاکسازی) لە تاقیگەی حزبی، هەر جارەی بەناوێک لەم رەف بۆ ئەم رەف دەگوازرێتەوە.
هەر تایبەت بەو پرسە، بەپێی بڕیارێکی هاوبەش، پارتی دیموکراتی کوردستان سەرجەم ئەو کەسانەی دەستگیر کرد، کە بۆ خۆ دەوڵەمەند کرد دابوویانە پاڵ پارتی یا لەسەر پارتی هەژمار بوون، کە بەشێکیشیان بوونە قوربانی، بەڵام یەکێتی بەحەشاردانی (دز و قاچاغچییەکان) خۆی لەو جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارە هاوبەشە نەبان کرد، پیاو خراپەکانیش قەڵەوتر کران، چونکە بەشێک لەوەی دەستیان دەکەوت دەچووە قاسەی “ملەستوورەکانی” حزب، وەک ئەوەی ئێستا لە هەردوو دەروازەی سنووری باشماخ و پەروێزخان روودەدات، لە چوار بەش سێ بەشی بۆ ناو قاسەی ملەستوورەکان دەڕوا، جگە لەوەی شەوانە بە قاچاغ دێ و دەڕوا.
بەڕاستییەکەی، تا هەردوو ئیدارەکە یەکی نەگرتەوە، کارە دارایی و ئیدارییەکان لە زۆنی زەرد بەشێوەیەک بەڕێوە دەچوو، کە مایەی رەزامەندی خەڵک بوو. ئەوەی کارە راستەکەی لە رێڕەو دەرهێنا، ئەو لیستە لەبن نەهاتووانە بوو، کە لە مەکتەبی سیاسی و مەڵبەندەوە بۆ دامەزراندن بە مەرجی دەوام نەکردن دەهێنران، تەنانەت لەلایەن خودی ئەو کەسانەشەوە کۆڕ و کۆبوونەوەی بۆ دەگیرا، کە رەخنە لەوە دەگرن، ئەم کارە سەری کێشا بۆ دۆزینەوەی ناونیشانی نوێی وەزیفی لەناو مزگەوت و قوتابخانە و فەرمانگاکانەوە، کە نامەوێ وردەکارییەکانی باس بکەم.
پاش ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ حکوومەتی یەکگرتوو کەوتە دەست یەکێتی، سەرۆکی حکوومەت بەناوی تواناسازی و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و پێدانی قەرز بە وەبەرهێن و بازرگانانی ناوخۆ، قاسەی حکوومەتی بەتاڵ کرد، جگە لەوەی نادادپەروەری و جیاوازییەکی گەورەی چینایەتی دروست کرد، ئاسەوارەکەشی هەر ماوە.
لەکۆتاییدا لەبری چەندان کۆنگرە و کۆنفراسی عەجایب، باشترە پەنێڵێک بۆ بەدەرخستنی کەموکوڕییەکانی ٢٩ ساڵی رابردوو بە سەرپەرشتی و بەشداری شارەزایانی ئیدارە، نەک حزبی بگیرێت، تا لەوێوە هەم دەرکەوێ کێ بەرپرسە لە نەمانی متمانە، هەم میکانیزمێکیش دیاری بکرێ.
Back to top button