گوزەر بەنێو دۆزەخدا

زکری موسا

بەشێكی زۆری خەڵك لە سەرانسەری جیهان ساڵی 2020 بە ساڵێكی ناخۆش و سەخت وەسف دەكەن. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا وڵاتان وەك جاران بەسەریەكتردا كراوە نین. ئەولەوییەتەكانی سیاسەتی نێودەوڵەتی گۆڕاون. پاشەكشەی جیهان لە دەستگرتن بە ئەو پڕەنسیپانە بە ئاشكرا دیارە كە لە سێ دەیەی ڕابردوو جۆرێك لە سەقامگیرییان دروست كردبوو.

ئابوورییەكان لەژێر هەڕەشەن، لە ماوەی كەمدا نرخی نەوت و دراو و كانزاكان هەڵكشان و دابەزینی زۆر بە خۆیەوە دەبینن. لەحن و گوتاری سیاسییەكان لە ئاستی جیهانیدا گۆڕاوە، یان بە پارێزەوە دەدوێن یانیش زمانیان ڕەق و ڕووت و برینداركەرە. ڕۆژانە دەیان مرۆڤ بەهۆی كۆچكردنەوە ژیانیان دەكەوێتە مەترسی و دەمرن، كەسیش ویژدانی ناجووڵێ.

زلهێزە ناوچەییەكان، هەلپەرستانە لە هەوڵی ئەوە دان لەو ئاشووبەی تووشی جیهان بووە زۆرترین سوود وەربگرن. دەست لە كاروباری وڵاتانی لاواز وەردەدەن و هەندێكیان گەڕاونەتەوە سەر نەژادپەرستی و فاشیزمی تاییفەیی. پێدەچێ مرۆڤایەتی پێی نابێتە دەستپێكی سەردەمێكی تازە كە هێشتا سیما و چوارچێوە و یاساكانی ناڕوونن. زۆرێك لە زانایان و پسپۆڕان پێشبینیی ئاییندەیەكی تاریك بۆ تێكڕای مرۆڤایەتی دەكەن. بەشێكیشیان بە پێچەوانەوە بانگەشەی سەردەمێكی ڕووناكتر و بەپیتتر و خێراتر بۆ مرۆڤ دەكەن.

هەموو ئەو دیاردانەی ئاماژەی پێدرا تەنیا لە ماوەی یەك ساڵدا ڕوویان داوە. ڕاستیتان بوێت جاران ڕەنگە پازدە بۆ بیست ساڵی پێویست با بۆ ئەوەی گۆڕانێكی وا بەرفراوان لە ڕەهەندەكانی ژیانی مرۆڤ ڕووی بدایە. دووهەزار و بیست بۆیە ساڵێكی سەیر و ڕاچلەكێنەر بوو چونكە بە شێوەیەكی زۆر ناسرووشتی و خێرا زۆر شتی گۆڕی. بەڵام بۆ وا بوو؟ لەم ساڵەدا چیی ڕووی دا كە وا خێرا ژیانی لە سەرجەم وڵات و كیشوەرەكان تووشی ڕەشەبای گۆڕینی بەها و بنەما و هەڵوێستەكان كرد؟ چیی ڕووی دا كە وا خێرا ترسەكان قووڵ بوونەوە؟ بۆچی وڵاتان لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكاندا وەك جاران یارمەتیدەری یەكتری نین و هەر كامە بیر لە خۆی دەكاتەوە؟

ڕەنگە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە دەستبەجێ پەنجە بۆ تاوانباری سەرەكی درێژ بكرێت كە ڤایرۆسی كۆرۆنایە. بەڵام ئایا كۆرۆنا ئەوەندە بوونەوەرێكی بە هێزە بتوانێ وا خێرا ژیان و سیاسەت و ئابووری و توریسم و دنیابینییەكان و هتد وەبەر تەوری خۆی بدات و لەتوپەتیان بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەڵێ نییە، كۆرۆنا ئەو بوونەوەرە سیحراوییە نییە بتوانێ هەموو ئەمانە بكات. لە ڕاستیدا مرۆڤ فڕچكی بە هەندێ كڵێشەی ئابووری و سیاسی و زانستی و كۆمەڵایەتیی گرتبوو كە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا ژیانی لەسەر ڕێكخرابوو. ئەم كڵێشانە كەلێنی زۆریان وەخۆگرتبوو، سیستەمی ژیانی مرۆڤ ئەو ئامادەكارییەی نەكردبوو كە لە ئەگەری هاتنی پەتایەكی وەك كۆرۆنا بتوانێ ڕێ لە داتەپینەكان و گۆڕانە دراماتیكییەكان بگرێت.

لەوەش بترازێ بەر لە كۆرۆنا چەند بابەتی تریش ڕووی دا و وای كرد جیهان زیاتر بەرەو محافەزەكاری بچێت و زۆر گوێ نەداتە پڕەنسیپەكان. لێرە حەز دەكەم باسی دووانیان بكەم. لە هەموویان گرنگتر بەهێزبوونی تیرۆر و دەركەوتنی داعش بوو لە شەش ساڵی ڕابردوو. داعش دیاردەیەكی ناوچەیی نەبوو بەڵكو جیهانی بوو. تیرۆریستانی داعش لە سەد و دە وڵاتی جۆراوجۆرەوە هاتبوون. بەشێكی زۆریان ئەوروپایی ئۆرگیناڵی قژكاڵ بوون كە لە دڕندەیی و بێڕەحمیدا وێنەیان نەبوو. تیرۆر پاڵی بە زۆر وڵات نا سنوورەكانیان توندوتۆڵ بكەن و ئاساییش بكەنە سەر لیستی كارەكانیان. مەرجەكانی وەرگرتنی پەنابەر قورستر بوون. جیهان دابەش بوو بەسەر ئەوانەی تەمویلی تیرۆر دەكەن و ئەوانەی شەڕی تیرۆر دەكەن. ئەمە خۆیلەخۆیدا لێكترازان بوو. هاتنی ترامپیش هۆكارێكی تر بوو كە جیهان خێرا بەرەو سەنگەرگرتن لە یەكتر و بێمتمانەیی و گومان بڕوات. ئاخر ترامپ بە ئاشكرا بێڕەحم و بەرژەوەندیخواز و بازرگان بوو. بێ ئەوەی شەرم بكات دەیویست بەها بازرگانییەكان و قازانجخوازی لە شوێن پڕەنسیپەكانی تردا بنێت. بۆی گرنگ نەبوو كەشوهەوای زەوی چیی بەسەر دێت. ئەو بەهێزترین پیاوی سەر زەوی بوو و توانی برەو بە سەتحیبوون بدات و جۆرێكی نزمی سیاسەتكردن پێشانی جیهانیان بدات. لە ڕاستیدا لە سەردەمی ترامپدا مرۆڤایەتی پاشەكشەی كرد و كەلێنەكانی شارستانیەتی مرۆڤیش پتر بەدەر كەوتن.

بۆ ئێمەی كورد خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی تازە و بەرگەگرتنی ڕەنگە زۆر سەختتر بێت. ئەگەر وڵاتانی تر سنوور و سیادەیان بەهێز بكەن و بەسەر یەك دابخرێن و خۆیان توندوتۆڵ بكەن، ئەی ئێمەی كورد دەبێ لەو بیابانەدا چیی بكەین؟ ئێمە خۆ خاوەنی سەروەری و سنوور نین. بۆیە ئەرك و بارمان قورسترە لە گەلانی تر. كورد دەبێ جگە لەوەی كار بكات بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سەردەمی تازە لە هەمانكاتیشدا كار بۆ بەهێزتربوونی خۆی بكات و هەوڵ بدات ئەو شتانەی لەدەستیدا ماوەن بیپارێزێت، هاوتەریبیش بەدوای سەروەرییەوە بێت. دەبێ بە ڕووی هەموو ئەو هەوڵ و دوژمنكارییانەشدا بێتەوە كە حەز دەكەن كورد پەرتەوازەتر و لاوازتر بێت و لەناو بچێت. دەبێ كورد لە دەیان بەرەدا شەڕ بكات بۆ ئەوەی بتوانێ بە سەلامەتی لەم تۆفانەدا بپەڕێتەوە. هیچ گەلێك بە ئەندازەی گەلی كوردستان ئەركی قورس نییە و ئازارەكانی قووڵ نین. بەڵام چیی بكەین؟ تەسلیمبوون چارەسەر نییە چونكە تەسلیمبوون یەكسانە بە نەمان.

چارەسەر، تێپەڕبوونە بە نێو دۆزەخدا، گەلان بۆ گەییشتن بە سەروەری و هێز و ئاشتی بەنێو دۆزەخدا تێپەڕیون. ئێمە دەبێ لەوەش تێبگەین، چەند شەرمە بارمان ئەوەندە قورس بێ كەچی دوژمن و نەیاری یەكتریش بین.

Back to top button