وەزیری تەندروستی: ڤاکسینی کۆرۆنا بەمزوانە دەگاتە عێراق
وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، حکومەت رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر ئەنجامداوە و بڕیارە بەمزوانە ڤاکسینی کۆرۆنا بگاتە عێراق، دوای گەیشتنی ڤاکسینەکەش راستەوخۆ بۆ هاوڵاتیان بەردەست دەبێت.
حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق بەتۆڕی راگەیاندنی عێراقی رایگەیاند، سەرجەم پێداویستییەکانی تایبەت بەبەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا بەگوێرەی رێککەوتنیان لەگەڵ کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی دابین دەکرێن، لەناویاندا رێکارەکانی گواستنەوە و هەڵگرتنی ژەمە ڤاکسینەکان کە وەزارەتەکەیان زیاتر لە 140 ساردەکەرەوەی لەبەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراقی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ڤاکسینی کۆرۆنا دوای ئەوەی لەسەرجەم وڵاتانی جیهان تاقیکرایەوە و سەرکەوتو بوە، عێراقیش وەک بەشێک لە سیستەمی جیهان بۆ تەندروستی کەلەلایەن چەندین پسپۆڕەوە سەرپەرشتی دەکرێت رێککەوتنی بۆ دەستخستنی ڤاکسینەکە ئەنجامداوە، سەرەڕای چەندین دەنگۆ و گومان لەسەر مەترسییەکانی ڤاکسینەکەش، بەڵام سەرجەم ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ڤاکسینی فایزەر “ئومێدبەخشە”.
نزیکەی 10 مانگ دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی و هاوبەشەکانی داوایانکرد ئیدارەی دەرمان و چارەسەری تەندروستی ئەمریکا مۆڵەتیان پێبدات بۆ تاقیکردنەوەی ڤاکسینێک دژ بەکۆرۆنا، دوای تاقیکردنەوەشی لەسەر 40 هەزار کەس لەچەندین وڵاتی جیهان، کاریگەری ڤاکسینەکە گەیشتوەتە 95%.