ئەمانە هەمووی ئاساین؟
کارزان سەباح هەورامی
(سروە عەبدول واحید)، پەرلەمانتاری گۆڕان، ”هەوڵمان دا لەگەڵ هەردو باڵەکەی حزبی دەعوە بە سەرۆکایەتی (مالکى و عەبادی) بە یەک دوری گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین و ڕێگەچارەیەک بۆ بێ موچەیی و قەیرانی دارایی بدۆزینەوە، چونکە حکومەتی هەرێم بێباکە لە ئاست بێ موچەیی خەڵک و ئەو هەمو قەیرانەی ڕوی لە هەرێم کردوە”...بۆ هەرئەمانە نەبوون مووچەی خەڵکی کوردستانیان بڕی، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان خاوەنی مەرجەعیەتی سیاسی خۆیەتی، پەرلەمانتارێک بە تەنیا لە نووسینگەی نووری مالیکی کۆدەبێتەوە، گوایە دەیەوێت دیداری حزبی رێک بخات؟ بۆ ئەم بزووتنەوەیە لە رێگای پەرلەمانتارێکەوە پەیوەندی حزبی دروست دەکات؟ دواتر نوری مالیکی، لەچ پێگەیەکدایە ئاوا هەوڵ دەدرێت مووچەی خەڵکی کوردستان بگەرێنێتەوە؟.
(مەحموود رەزا) پەرلەمانتاری گۆڕان: “دەبێت هەرێمی کوردستان رازی بکرێت بۆ ئەوەی هەرچی نەوتی هەیە رادەستی بەغدای بکات؟… خێرە بوونەتە پارێزەری عەبادی و مالیکی؟، ئەی لە مانگی ٥ی ٢٠١٥ نەوتەکەمان رادەست نەکردن؟ کوا پارەکەیان؟، دواتر ئەگەر گەرەنتیمان دەکەن، نەوتی خۆمان رادەستی بەغدا دەکەین بەس لەو پارەی لە فرۆشتنی نەوت دەستمان دەکەوێت زیاترمان بدەنێ بائێمەش نەوتەکە رادەست بکەین. *(هۆشیار عەبدوڵا)، پەرلەمانتاری گۆڕان دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدرێتە دادگای فیدرال، چونکە پابەندی رێککەوتن نەبووە، ئەی باشە بۆ حکوومەتی مالیکی و عەبادی لە دادگا نادەن کە مووچەی قوتی خەڵکی کورستانیان بریووە؟ ئەوان نەبوون گوتیان لە دەرەوەی مووچەی پارەی پێشمەرگە دەنێرێن کوا پارەکە؟ نەیان گوت مووچە دەنێرێن؟ فەرموون پێیان بڵێنن کوا مووچە؟.
(تاڤگە ئەحمەد)، پەرلەمانتاری گۆڕان، دەبێت یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزرێت و مافی کوێت نییە داوای یەک بست خاکی عێراق بکات،…فەرموو تاڤگەخان، بەدەنگی ٢٠ هەزار کورد چوویتە بەغدا لەوێ داوای گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکان و دابینکردنی بودجەیان بۆ بکە، ئەوەندە لە خەمی عێراقی یەکگرتوو ئەوەندە لە خەمی پێشمەرگە و ناوچە کوردستانییەکانییەکانن؟ خوارووی عێراق گرنگترە بۆ تۆ یان پیلانی دروستکردنی حەشدی شەعبی لە دووزخورماتوو و کەرکووک؟.
ئەڕی ئەمانە هەموویان ئاسایین؟ بڕیار وانەبوو پەرلەمانتارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرگری لە هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان بکەن؟ ئەی ئەگەر وایە بۆچی بوونەتە بەشێک لە جێبەجێکردنی ئەجێندای بەغدا و ئامادەن لەگەڵ لایەنی شیعە و دەوڵەتی یاسا و مالیکی و عەبادی کۆببنەوە، بەڵام ئامادەنین لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانی کۆببنەوە؟ دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان لەوە تێبگات کە هەرچی پرۆژەی سیاسی هەیە لەبەغداوە شکستی هێناوە، هەرلەجیاکردنەوەی سلێمانی و راکێشانی چەند حزبێک بۆ خۆیان و برینی قورتی خەڵکی کوردستان، ئێستاش پرۆژەیەکیان هەیە، بەوەی لەگەڵ هەندێک حزبی کوردستان کۆببنەوە، بۆ ئەوەی دەسەڵات لەدەست هەرێمی کوردستان دەربهێنن و لێرە ئەنجێندای خۆیان جێبەجێ بکەن، واش باس کراوە کە لەبەغداوە بەڵێنی مووچە و پارە و پۆست دراوە، بەچەند هێزێکی سیاسی یەکەم هەنگاویش پێدانی پارەیە بەو کەسانەی دەچنە ناو حەشدی شەعبی. دەکرێت بپرسین ئەمانەی ڕوودەدەن ئاساین؟.