ئیسرائیل و مەغریب دوای 72 ساڵ پەیوەندییە سیاسییەکانیان ئاساییکردەوە
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، دوای رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوندییەکانی نێوانیان، بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێکی باڵای شانشینی مەغریب سەردانی ئیسرائیل بکەن و دوای 72 ساڵ هەردو وڵات پەیوەندییە سیاسی، ئابوری و بازرگانییەکانیان دەستپێدەکەن.
بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەپەڕەی فەرمی خۆی لەتویتەر ئاماژەی بەوەشکردوە، لەگەڵ محەمەدی شەشەم پادشای مەغریب پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە و هەردوولا پێشوازیان لەرێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و فراوانترکردنیان لەداهاتوودا کردوە، لەسەر ئەو بنەمایەش لەم هەفتەیەدا شاندێکی ئەو وڵاتە سەردانی ئیسرائیل دەکات.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و پادشای مەغریب لەو پەیوەدنییە تەلەفۆنییەدا باسیان لەوەشکردوە، هەردولا کار بۆ دەستپێکردنی پەیوەندییە سیاسی، بازرگانی و گەشتیارییەکان دەکەن و نەتانیاهۆش لەبەرامبەر پێشوازیکردنی لەشاندی وڵاتەکەی سوپاسی پادشای مەغریبی کردووە.
تا ئێستا چوار دەوڵەتی عەرەبی ئەوانیش (ئیمارات، بەحرەین، سودان و مەغریب) رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەل ئیسرائیل واژۆکردوە، رێککەوتنەکە بەسەرپەرشتی و نێوەندگیری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بون لەچوارچێوەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.