مەشعان جبوری و پارێزگای سەڵاحەدین یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە مامەڵە كردن لەگەڵ داعش

خواكوڕك
بابەتی مامەلەكردن لەگەڵ داعش بووەتە مژاری گەرمی میدیاكانی عەرەبی كە لە ئێستادا بەرپرسەكانی خواروو ناوەڕاستی عێراق یەكتری تۆمەتبار دەكەن, (مەشعان جبوری ) پەڕلەمانتاری سوننەو (ئەبومازن ) پارێزگاری سەڵاحەدین ، یەكتر بە بازرگانیكردن لەگەڵ (داعش ) لە حەویجە و شەرگات تۆمەتبار دەكەن.
دوای ئەوەی ” مەشعان جبوری ” پەرلەمانتاری سوننە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارێزگای سەڵاحەدین بە بازرگانیكردن لەگەڵ چەكدارانی (داعش ) لە حەویجەو شەرگات تۆمەتبار كرد ، لە ئێستاشدا پارێزگای صلاح الدین ، بەندكراوەكانی نێو گرتوخانەكان بە شایەتحاڵ لەسەر بازرگانیكردنی ” مەشعان جبوری ” لەگەڵ ( داعش ) لەهەمان ناوچە تۆمەتبار دەكات .
هەروەها ” مەشعان جبوری ” لە پۆستێكدا لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیس بووك ، (ئەحمەد جبوری ) ناسراو بە (ئەبو مازن ) پارێزگای سەڵاحەدین ، بە دەستگرتن بەسەر بەشە خۆراكی نێردراو بۆ هاوڵاتیانی (حەویجەو شەرگات ) تۆمەتبار كردو ڕایگەیاندووە ، كە دوای دەستگرتن بەسەر ئەو خۆراكە ، ئەبو مازن بە هاوكاری چەند ئەفسەرێك خۆراكەكانیان بە نرخی زیاتر بە (داعش ) لە حەویجەو شەرگات فرۆشتووەتەوە .
بۆ ئەم مەبەستە “مەشعان جبوری ” داوای لە “حەیدەر عەبادی ” سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە ، بە تۆمەتی تاوانی جەنگ ، لیژنەیەكی لێكۆلینەوە لەسەر پارێزگای سەڵاحەدین و ئەو ئەفسەرانە پێكبهێنێت كە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنیان لەگەڵ ( داعش ) ئەنجام داوە .
لای خۆیەوە “ئەحمەد جبوری ” پارێزگای سەڵاحەدین لە ڕاگەیەنراوێكدا ، ووتەكانی “مەشعان جبوری ” بە بێ بنەما ناوبردو ڕایگەیاند : ” زیندانیانی نێو گرتوخانەكان باشترین شایەتحاڵن لەسەر بازرگانیكردنی ” مەشعان جبوری ” و “یەزنی مەشعان جبوری ” كوڕی لەمەڕ بازرگانێكردنیان لەگەڵ ( داعش ) لە قەزای حەویجە .
ئەحمەد جبوری ئەوەشی ئاشكرا كرد ، كە مەشعان جبوری یەزنی كوڕی ، كۆمەڵێك كۆگایان هەیە و خۆراكی تێدا كۆدەكەنەوە و دواتر بە چەكدارانی ( داعش ) لە قەزای حەویجە دەفرۆشنەوە .
شایەنی ئاماژە پێدانە ، تائێستا یەزنی كوڕی مەشعان جبوری لە چەندین دۆسیەی گەندەڵی تێوەگلاوە و دیاریترینیان تێوەگلانی بوو لە سەرپەرشتیكردنی كۆمپانیایەك بۆ دابینكردنی خۆراك بۆ فەوجی پاراستنی كێڵگە نەوتیەكانی عێراق لە تكریت .

Back to top button