سلێمان هەڵشۆیی لە زیندانەوە بەڵێنێك بە خاوەن قەرزەكانی دەدات

 

نوێنەری ئەو کەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی کردووە لە زیندان چاوی بە سلێمان هەڵشۆیی كه‌وتووه‌ و زانیاری له‌باره‌ى دیداره‌كه‌یان ڕاده‌گه‌یه‌نێت.

یەکێک لەو نوێنەرانەی بەشداریی دیدارەکەی کردووە بە كه‌ناڵى (کوردستان 24)ی ڕاگەیاندووه‌: لە زیندان چاومان بە سلێمان هەڵشۆیی کەوتووە و خۆى پێی گوتین، کە مایەپووچ بووە، بەڵام هەوڵ دەدات قەرزی خاوەن قەرزەکان بداتەوە.

ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو، سلێمانی هەڵشۆیی پێی گوتوون، هاوبەشەکانی کە ئێستا ژمارەیەكیان دەستگیر کراون، بڕێكی زۆری پارەكەیان لایە، هه‌روه‌ها بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەكە، دوو کەس لەوانەی بە تۆمەتی هاوبەشی لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی دەستگیر کراون، بێتاوانن، کە یەکێکیان مامۆستایەکی ئایینییە.

ئەو نوێنەرەی خاوەن قەرزەکانی سلێمان هەڵشۆیی، ئاشكراشی كرد: کاتێک لەگەڵی دانیشتین، سلێمان هەڵشۆیی لە قسەکانیدا وای نیشان دا کە بەشێکی ئەو مایەپووچبوونەی بۆ سەرانەلێسەندنی زۆر دەگەڕێتەوە، کە کەسانێک بەناوی فڵان بەرپرس و فڵان کەسایەتی، ڕۆژانە هاتوون و پارە و ئۆتۆمبێلیان لێ وەرگرتووە.

سلێمان ھەڵشۆیی، دانیشتووی دەڤەری راپەڕینە و پێشتر مامەڵەی بە وادە لەگەڵ ژمارەیەك ھاووڵاتی كردووە و وەك بازرگان لە ناوچەكە ناسراوە، لە 18/12/2020 مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و ھەندێك لەو كەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ كردبوو چوونە سەر ماڵەكەی، دواتر و چەند كەسێكیش لە رێگەی میدیاكان بڕی قەرزەكانیان لای سلێمان ئاشكرا كرد.

Back to top button