وەزیری پەروەردە لەبارەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لەدوایی سەری ساڵ دەدوێت

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دوای كۆبونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا ئامادەسازی بۆ پلان و بەرنامەی خۆیان دەكەن، ئەگەر بڕیاردرا دەرگای قوتابخانەكان بۆ ھەمو پۆلەكان یان چەند قۆناغێك بكرێتەوە لە وادەی دیاریكراو دەوام دەست پێدەكاتەوە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەڵەبجە کردنەوەی قوتابخانەیەکی مۆدێرنی لەسەر ئەرکی خێرخوازێک لە هەڵەبجە راگەیاند، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان گوتی، وەزارەتی تەندروستی سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرت و ھەڵسەنگاندنن بۆ دۆخەكە، ھەركاتێك راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی ئامادەبوو كۆبونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا دەكرێت، ئەگەر پێویست بكات بڕیار لەسەر درێژكردنەوەی داخستنی دەرگای قوتابخانەكان دەدەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، كاتێك لە بەرواری ١ی ١١ی ٢٠٢٠ بڕیاریاندا دەرگای قوتابخانەكان بە داخراوی بمێنێتەوە، بڕیارەكە كاریگەری ئەرێنی ھەبوو، راستە ئێستا ڤاكسینی دژی كۆرۆنا دۆزراوەتەوە، بەڵام ناكرێت ریسك بە ژیانی مامۆستایان و قوتابیان بكەین و بەبێ ھەڵسەنگاندنی وردی تەندروستی بڕیاری كردنەوەی قوتابخانەكان بدەین.

وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، لە دوای كۆبونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا ئامادەسازی بۆ پلان و بەرنامەی خۆمان دەكەین، ئەگەر بڕیاردرا دەرگای قوتابخانەكان بۆ ھەمو پۆلەكان یان چەند قۆناغێك بكرێتەوە لە وادەی دیاریكراو دەوام دەست پێدەكاتەوە، ئەگەر بڕیاردرا دەرگای قوتابخانەكان بە داخراوی بمێنێتەوە، ئەوكاتە ساڵنامەی خوێندن لەسەر ئەو بنەمایە بۆ چەند مانگێكی دیكە دادەڕێژینەوە.

Back to top button