پۆلیسی هه‌ولێر شوفێرێكی ده‌ستگیر كرد كه‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌ ئۆتۆمبێل خۆی له‌ منداڵێكدا و كوشتی رایكردبوو

 

دواى ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێك خۆی به‌ منداڵێكی كچدا ده‌كێشێت و گیان له‌ ده‌ستده‌دات شوفێری ئۆتۆمبێله‌كه‌ ناوه‌ستێت و راده‌كات پۆلیسی هه‌ولێریش رایده‌گه‌یێنێت دوای دۆزینه‌وه‌ی شوێنی شوفێره‌كه‌ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا رایگه‌یاندووه‌، ئەمڕۆ بەشی پۆلیسی عنكاوه، بنکەی پۆلیسی پیرزین، ئاگادارکراونەتەوە لەوەی کە ئۆتۆمبێلێک خۆی لە منداڵێکی کچ داوە و شوفێرەکەشی هەڵاتووە، بەو هۆیەشەوە منداڵەکە گیانی لەدەستداوە.

 

هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای رووداوەکە دەستبەجێ تیمەکانی بەشی پۆلیسی عنكاوه، بنکەی پۆلیسی پیرزین، گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و پاش بەدواداچوونێکی ورد، توانیویانە شوێنی حەوانەوە و ناسنامەی تۆمەتبارەکە بە ناوی (ح.ج.م) ئاشکرا بکەن و دەستگیری بکەن .

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند، تۆمەتباری ناوبراو، دانی نا بە تاوانەکەیدا، بۆیە بەپێی ماددە (24ی هاتوچۆ) لە یاسای سزادان، ڕاگیرا.

Back to top button