پەرلەمانتارێکی پارتی : كەرتی گەشتیاری دەكرێتە سەرچاوەیەكی سەرەكیی داهات لە كوردستان

بە مەبەستی برەودان بە كەرتی گەشتوگوزار و كردنی بە سەرچاوەیەكی سەرەكیی ئابووری لە هەرێمی كوردستان، لیژنەی گەشتوگوزاری پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی فراوانی گەشتیارییە و بڕیاردەری لیژنەكەش ڕایده‌گه‌ێنێت، پڕۆژەكە هەوڵێكی گرنگە بۆ بووژانەوەی كەرتی گەشتیاریی هەرێم و ڕزگاركردنی داهاتی حكوومەت لە تاكسەرچاوەیی.

نزار مەلاغەفار، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندوە: لە ئێستادا وەك فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان و بە هاوكاریی فراكسیۆنەكانی دیكە، سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ ئەوەی پڕۆژەیەكی فراوانی تایبەت بە كەرتی گەشتیاری ئامادە بكەین، تا لە ڕێگەیەوە هاوشانی كەرتی نەوت، شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستان بكرێنە سەرچاوەیەكی دیكەی داهات و، ئابووریی هەرێم لەو دۆخە چەقبەستووییە ڕزگار بكرێت، كە ڕووبەڕووی بووەتەوە.

ناوبراو گوتیشی: بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم كۆبووینەتەوە و بڕیارە دوای سەری ساڵ بە ئامادەبوونی شارەزایانی بواری گەشتیاری، وۆركشۆپێك ساز بكەین و ئامادەكاری بۆ دانانی پڕۆژەیەك بكەین بۆ بووژاندنەوەی كەرتی گەشتیاری.

مەلاغەفار روونیشی كردەوە: پڕۆژەكە رۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێم و وادەكات چیتر حكوومەتی هەرێم بۆ دەستخستنی داهات چاوی لەسەر كەرتی نەوت نەبێت و هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی دیكەی جیهان، كەرتی گەشیاری بەشدارێكی ڕاستەقینەی داهاتی كوردستان بێت، بەدەر لەوەش پڕۆژەكە هەر بۆخۆی دەبێتە هۆی نیشاندانی كولتوور و فەرهەنگی كوردی و ئاشناكردنی گەلانی جیهان بە دۆزی كورد.

ده‌شڵێت ، پرۆژەكە لەلایەكی دیكەوە دەبێتە هۆی فەراهەمكردنی دەرفەتێكی زۆری كار بۆ گەنجانی كوردستان، بە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كەرتی گەشتیاری ناوچەیەكی گرنگە و گەشتیارێكی زۆر لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر، دێنە ناوچەكە، بۆیە پڕۆژەكە لە هەموو ڕووەكانەوە پڕۆژەیەكی نەوعی دەبێت.

Back to top button