چەند پارتێكی كوردستان پرۆژەی عەممار حەكیمیان رەد كردەوە
خواكوڕك
دوێنی پێنج شەممە هەریەكە لە سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان و پارتی كرێكاران و رەجدەرانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە شاری هەولێر كۆبوونەوە لەكۆبوونەوەكەدا پرۆژەی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەیان رەد كردەوە،
لەكۆبوونەوەكەدا پشگیری كراوە لە چارەسەر كردنی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان و لەبەشێكی راگەیاندراوەكەدا هاتوو دانیشتنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی ئەوەی لە نێوان لایەنەكانی دەسەڵات بەرێوە دەچێ، هەر پێنج لایەنی سیاسی پشتگیریی خۆیان بۆ هەموو ریگە چارەیەكی كێشەكان دەڕبری، هەروەها داوایان كرد كە چارەسەرەكان لەسەر بنەمای بە دامەزراوەییكردنی دەزگەكان و كردنی حكوومەت بەحكوومەتی هاووڵاتی بێت، واتە دوور بێت لە پشكێنەی حزبایەتی و گەڕانەوە نەبێت بۆ میكانیزمە شكستخواردووەكانی رابردوو لە بەرێوەبڕدن و ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا ئەو پرۆژەیەش كە بەناوی یەكلاكردنەوەی سیاسی لەلایەن هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) پێشنیاز كراوە و عەمار حەكیم لەگەڵ لایەنەكانی كوردستان خستییە روو، كۆبوونەوە لەو باوەڕەدایە كە پڕۆژەكە هیچ چارەسەرێكی تازەی بۆ كێشەكانی عێراق و ئاشتەوایی نیشتمانی نەخستووەتە روو، جگە لەوەی جۆرێكە لە پاشەگەزبوونەوە لە دەستكەوتە دیموكراتییەكان و خۆدزینەوەیە لە جێبەجێكردنی ماددەكانی دەستووری عێراق.
سەبارەت بە گەلی كوردستانیش، پڕۆژەكە جۆركە لە بەستنەوەی هەرێم بە چوارچێوەی دەوڵەتی شكسخواردووی عێراق، هەروەها رێگرییەكی ئاشكراشە بۆ پیادەكردنی مافی بڕیاڕدانی چارەنووس، بە سەرچاوەگرتن لەو راستییانە لایەنەكانی كۆبوونەوە سەرباری نیگەڕانی لەو پڕۆژەیە داوایان كرد كە كورد بە یەكگرتوویی و بەپڕۆژەیەكی نیشتمانی و كوردستانی وەڵامی پڕۆژەكە بدەنەوە و بەو پڕۆژەیەوە دانوستان لەگەڵ بەغدا بكەن.