خوا سلێمانی بپارێزێ

هەندرێن جەلال

زانیارییە دزە پێکراوەکانی ناو سلێمانی، هۆکاری پشت تۆخکردنەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی ئەمدواییەی تاقمە خاکفرۆشەکەی لاهور جەنگی لەدژی سەرۆک بارزانی، سمبوڵی کوردایەتی و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو فەرمانە دەگەڕێننەوە، کە سەرپەرشتکارانی پیلانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆیان داڕشتووە،کە خۆی لەرادەستکردنی پارێزگای سلێمانی بە حەشدی شەعبی دەبینێتەوە.

پوختەی پیلانە نوێیەکە
دوای پشووەکانی سەری ساڵ، یەکێتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکشێتەوە، پاشان بەناوی دابینکردنی مووچە پارێزگای سلێمانی دەگێڕێنێتەوە سەر بەغدا. بۆ تێگەیشتن لە کاردانەوەکان لەرێگەی پەیجەکانیەوە ئەم پرسەی جوڵاندووە، هاوکات لەگەڵیدا بۆ سووک کردنی بەها و سمبوڵە نەتەوەییەکان هێرشێکی تووندیش بکرێتە سەر بەرگریکارەکانی پرسە نەتەوەییەکان و زیاتر پرسی برسێتی زەق بکەنەوە.

بە پێی زانیاریی بەردەست، لەئەنجامی ئاشکرابوونی ئەم فرۆشتنەی سلێمانی ناڕەزاییەکی زۆر لەناو سەرکردایەتی یەکێتی دروست بووە، تەنانەت هەندێ لە خاوە هێزەکان بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ئەگەرەکان فەرمانیان بە هێزەکانی خۆیان کردووە لە بارەگاکانیان ئامادە بن. بەشێکیشیان هانایان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێناوە دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێ، تەنانەت هەندێکیان داوایان کردووە ماڵ و منداڵەکانیان بهێننە هەولێر.

چاودێران، ئەو پیلانە بە وەشاندنی گورزێکی دیکە لەقەڵەم دەدەن، پێیانوایە تەواوکەری پیلانە ئابڕوبەرەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەرە، بەڵام مەترسی خۆشیان نەشاردەوە، کە هەمان دۆخ نییە، رەنگە شەڕێکی خوێناوی ناوچەی سلێمانی بگرێتەوە. پێشبینی ئەوەش دەکەن، ئەم پیلانە کۆتایی بەسەرکێشیەکانی ئەو بەرە بهێنێ، چونکە زۆربەی خەڵکی سلێمانی هێشتا شکستی پیلانی ١٦ی ئۆکتۆبەری تایبەت بە رادەستکردنی کەرکووکیان بەپاساوی نابەرانبەری هێز بە پاسدار و حەشد لەبیر نەکردووە، کە لەسایەی ئەو سەفقەیە کورد لە کەرکووک بوونەتە ئەسیری دەستی حەشدی شەعبی و پارێزگارە سەپێنراوەکە.

Back to top button