پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی 2021

 

بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی 2021 ، گەرمترین پیرۆزبایی لە  هاونیشتمانیانی کوردستان بەگشتی و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە تایبەتی دەکەم . هیوادارم ساڵێکی پڕ لە کامەرانیی و ئاشتی و ئارامیی و کۆتایی هاتنی نەهامەتی و قەیرانەکان بێت لە کوردستان و عێراق و جیهاندا.

 

کوردستانییانی خۆشەویست :

 

لەکاتێکدا پێ دەنێینە ساڵی نوێوه‌، هەرێمی کوردستان و جیهان به‌گشتی، ساڵێكی زۆر سه‌ختی به‌ڕێكرد، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییە سەختەکانی و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا ، کە لە ئەنجامدا  قەیران ودۆخێکی دارایی سەخت و بارگرانییەکی زۆر لە سەر هاونیشتمانیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان دروستبوو ،‌ ئێستا کە له‌سه‌ر بودجه‌ی 2021 له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق گه‌یشتووینه‌ته‌ رێککەوتن.  هیوادارم ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، چیتر  ڕێگە نەدەن ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بکرێتە کارتێکی فشاری سیاسی لە دژی خەڵکی مافخوراوی کوردستان . دووپاتیشی دەکەینەوە کە ئێمە هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین.

گەلی کوردستان خاوەن پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و قوربانییەکی زۆری لەم پێناوە داوە و قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی سەدان هەزار شەهیدە و پێویستە بە هەموومان داکۆکی لێ بکەین و بیپارێزین ، چونکە کەرامەت و سەربەرزی خەڵکی کوردستان، بەندە بە هەبوون و بەهێزبوونی ناسنامەی نیشتمانیی و نەتەوەییمان و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانمان. داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەم، هەموو جیاوازیی و ناکۆکییەک بەلاوەبنێن و بەرگری لە خاک و قەوارەی فيدراڵی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکان بکەن و یەکگرتووانە، ڕووبەڕووی هەموو هەڕەشەکان ببنەوە و داکۆکی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانیان بکەن . دڵنیام بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی، دەتوانین هەموو قەیران و ئاستەنگەکان تێپەڕینین.

لێرەدا جەخت لە هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ درێژەدان بە چاکسازی و  باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەروەری یاسا و دادپەروەریی و سەقامگیرکردنی زیاتری ئاسایش و ئارامی دەکەینەوە.

ئێمە بە گەشبینی و ئومێدەوە، دەڕوانینە داهاتوو، بەو هیوایەی  هەرێمی کوردستان پێ بنێتە قۆناغێکی نوێی گەشەکردن و پڕ دەستکەوت و ئاوەدانی و دووربێت لە هەموو ناخۆشی و دۆخێکی نەخوازراو.

ساڵی نوێ لە هەموو لایەک پیرۆز بێت و کوردستانیش هەمیشە ، بەهێزتر و سەرفرازتر و ئاوەدانتر بێت.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/12/31

Back to top button