کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراق لیستى تۆمارى دەنگدەران تازە دەکاتەوە
بەڕێوەبەرى ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانى عیراق لە پرێس کۆنفرانسێکدا گوتى، لە مڕۆ شەممەوە ٥٣ بنکەى تازەکردنەوە و تۆمارى دەنگدەرانمان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کردووەتەوە و بەپێی کاتى دەوام لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە تا سێی دوانیوەڕۆ دەوام دەکەن.
عەبدولڕەزاق موشیر گوتیشی: بەمەبەستى هاوکارى لە تۆمار و تازەکردنەوەى دەنگدەران ٣٧ تیمى گەڕۆک بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان و ناوشارەکان دیاری کراوە و ٤٥ تیمى دیکەش کە ئەوانیش گەڕۆکن بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاى هەولێر دیاری کراون.
عەبدولڕەزاق موشیر باسی لەوەش کرد: دەبێ هەموو دەنگدەران کارتی دیاریکردنی تەمەنیان بۆ دەنگدان هەبێت و بەبێ ئەو کارتە دەنگ نادرێت، هەروەها هەر هاووڵاتییەک کە پسوولەى خۆراکى هەولێر بێت و خاوەن ڕەگەزنامەى عێراقى بێت، دەتوانێ لە سنوورى پارێزگاى هەولێر خۆی تۆمار بکات.
لەبارەى کارتەکانیش باسی لەوە کرد: لە ٢/١/ تا ٢/٢ تازەکردنەوە و تۆمارى دەنگدەران و تا ٥/٣ش لیست کارتەکان ئامادە دەکرێن و دواتریش کارتەکان دروست دەکەین و دواى مانگى ٥ى ئەمساڵ کارتەکان دەدەینەوە بە هاووڵاتییان.
هەر بەپێی بڵاوکراوەى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ تازەکردنەوەى کارتى دەنگدەران لە پارێزگاى هەولێر ٥٣ بنکەى تۆمار هەیە و ١٣ بنکەش بۆ ئاوارەکان دیاری کراوە، جگە لە تیمە گەڕۆکەکان، بەو دابەشکارییەش پارێزگاى هەولێر بەسەر چوار بازنەى دەنگدان دابەش کراوە.