لەساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس له‌ به‌غدا خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌ده‌چێت

 

 

دوای بانگەوازی لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە یەکەمین ساڵیادی کوژرانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی، ھێزە ئەمنییەکان لە شاری بەغدا و شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق رێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتەبەر و خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لەوبارەیەوە ھەریەک لە سەرکردەی رێکخراوی بەدر، ھادی عامری و سەرکردەی عەسائیبی ئەھلی حەق، قەیس خەزعەلی داوایان لە لایەنگرانیان کرد لە یەکەمین ساڵیادی کوژرانی ئەبو مەھدی موھەندیس و قاسم سولەیمانی خۆپیشان ئەنجام بدەن.

 

ئەحمەد خەڵەف ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، رایگەیاند کە رەوشی ئەمنی لە بەغدا ئاڵۆزە و ھێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکانی بەغدا بڵاوکراونەتەوە بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە ئەگەری ھەر ھێرشێکی مووشەکیی بۆسەر ناوچەی سەوز و گوتی: “ھەر چەندە دڵنیایی لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دراوە لەوەی ھێرش ناکەنە سەر ناوچەی سەوز، بەڵام لە یەکەمین ساڵیادی کوژرانی ئەبو مەھدی موھەندیس و قاسم سولەیمانی، ھێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکانی بەغدا بڵاوکراونەتەوە”.

 

لە یەکەمین ساڵیادی کوژرانی ئەبو مەھدی موھەندیس و قاسم سولەیمانی، مەترسی ئەوە ھەیە کە ھێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا یان ئەو بنکە سەربازییانەی کە لە عێراق سەربازانی ئەمریکا تیایدا جێگیرکراون، بۆیە رێوشوێنی ئەمنی توند لە شاری بەغدا و شارەکانی دیکەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، گیراونەتەبەر.

Back to top button