ئێران پیتاندنی یۆرانیۆممان به‌ ڕێژه‌ی %20 زیاد كردووه‌

 

 

 

سەرۆکی فەرمانگەی وزەی ئەتۆمی ئێران، عەلی ئەکبەر ساڵحی، لە میانەی بەشداری کردن لە پڕۆگرامێکی تەلەفیزیۆنیدا باسی لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کرد و ئەوەی ئاشکرا کرد کە یاسای سنووردارکردنی چالاکی وێستگە ئەتۆمییەکان و خێرا کردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان جێبەجێدەکرێت.

 

ساڵحی ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە یاساکە هێشتا لە لایەن سەرکۆماری ئێران، حەسەن رۆحانی واژوو نەکراوە و رایگەیاند: “ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆممان ئاگادار کردوەتەوە و نامەیەکمان ئاڕاستەی نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڤییەنا، کازم غەریبئابادی کردوە. پێویستە چاودێرە نێودەوڵەتییەکان بێن و لە چوارچێوەی رێککەوتنی وزەی ئەتۆمدا ئەو بەشانەی وێستگە ئەتۆمییەکان بکەنەوە کە پێشتر داخرابوون. لە ئایندەیەکی نزیکدا لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، کەپسولی غازی یۆرانیۆن دەگۆڕین بۆ بەرهەمهێنانی یۆرانیمی ئاست بەرز.”

 

جێی ئاماژەیە ئەم یاسایە لە دوای تیرۆر کردنی زانای ئەتۆمی ئێران، موحسین فەخریزادە لە پەرلەمانی ئێران پەسەند کرا و تیایدا داوا دەکرێت، ئەو یۆرانیۆمەی لە ئێران بەرهەمدەهێندرێت بە رێژەی سەدا ٢٠ دەوڵەمەندتر بکرێت و کۆگاکانی هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراو زیاد بکرێن.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران رێگەی بەو وڵاتە دەدا تەنها بە رێژەی سەدا ٣،٦٧ یۆرانیۆم دەوڵەمەند بکات، بەڵام دوای ئەوەی حکوومەتی تاران لە رێککەوتنەکە هاتە دەرەوە لە ئێستادا رێژەی پیتاندنی کردنی یۆرانیۆمی ئێران گەیشتوەتە سەدا ٤،٥.

 

جێی ئاماژەیە حەسەن رۆحانی و کابینەی حکوومەتەکەی دژی ئەم یاسایەن و پێیانوایە جێبەجێکردنی یاساکە کێشە بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئێران دروست دەکات.

 

پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف لە لێدوانێکیدا رایگەیاندبوو: “بەو یاسایە خۆشحاڵنین کە پەرلەمان دەریکردوە بەڵام هاوشێوەی هەر سیستمێکی دیموکراتی جیهان ئەگەر بکرێتە یاسایەکی وڵات ئەوا حکوومەتیش جێبەجێی دەکات.”

Back to top button