وەزارەتی پەروەردە: وادەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵی دیاریکرد
بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەوان وەكو وەزارەت كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام داوە و ئامادەكاریی تەواویان كردووە بە لەبەرچاوگرتنی رێنمایی تەندروستی، بۆ ئەوەی لە ١٠ی ئەم مانگەدا پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان دەست پێبكاتەوە. دەشڵێ: چاوەڕێی لیژنەی باڵای روبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكەین، بزانین ئەوان چ بڕیارێك دەدەن.
دكتۆر سەیوان فەرەج، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە: ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە و تێیدا بڕیاری داوە كە لە ١٠ی ئەم مانگە پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان دەست پێبكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش تەواوی ئامادەكارییەكان كراون و پێداویستییەكان دابین كراون بە لەبەرچاوگرتنی رێنمایی تەندروستی، بۆ ئەوەی ھیچ گرفتێك روو نەدات و پرۆسەكە بە ئاسایی بەڕێوە بچێت.
دکتۆر سەیوان زیاتر دەڵێ: چاوەڕێ دەكەین وەزارەتی تەندروستی راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی تەندروستی و كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان ئامادە بكات و لە كۆبوونەوەی حەوتی مانگدا لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا، گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و بڕیار سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندن بدرێت.
لە کۆتاییدا دەشڵێ: ئێمە بڕیاری دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنمان لە ھەرێمی كوردستان داوە و ئەوەی دیكەش لەسەر بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا دەمێنێتەوە.