په‌كه‌كه‌ منداڵێكی ته‌مه‌ن 9 ساڵی رفاندووه‌، باوكی ده‌ڵێت په‌كه‌كه‌ پێی گوتم واز نه‌هێنی ئاڵایه‌كی داعشی ده‌ده‌ینه‌ ده‌ست و ده‌ڵێن ئه‌و داعشه‌مان ده‌ستگیر كردووه‌

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوو له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، چه‌ندین جار سكالایان دژ به‌ سیاسه‌ته‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان به‌رزكردۆته‌وه‌ كه‌ منداڵ و مێرمنداڵ ده‌ڕفێنێت و رێگری ده‌كات بینینی دایك و باوكیان، له‌ دواهه‌مین كه‌یس باوكێك رایده‌گه‌یێنێت كه‌ په‌كه‌كه‌ كوڕێكی رفاندووه‌ ته‌مه‌نی ته‌نها نۆ ساڵه‌.

عەدنان جەبار، باوكی منداڵه‌ رفێندراوه‌كه رایگه‌یاندووه‌، منداڵێكم به‌ ناوی عادل له‌ ڕۆژی ٢١ی ٣ی ٢٠١٦ له‌ كاتی سه‌ردانی كردنم بۆ سنوری ناحیه‌ی شوان له‌ پارێزگای كه‌ركووك، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ رفێندراو له‌و كاته‌ی كه‌ رفێندرا ته‌مه‌نی ته‌نها نۆ ساڵ و چه‌ند مانگێك بوو.

باوكی منداڵه‌ رفێندراوه‌كه‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ ده‌یان جار بۆ سۆراغی كوڕه‌ رفێندراوه‌كه‌م چوومه‌ لای په‌كه‌كه،‌ به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوون‌ كه‌ پێمی پیشان بده‌ن، پاش ماوەیەك بەرپرسێكی پەكەكە پێی گوتم منداڵەكەتان لە لای ئێمەیە و هیچ خەمی لێ مەخۆن، ئەگەریش دەڵێن منداڵەكەمان بچووكە، خۆم لە هەشت ساڵییەوە هێندراومەتە قەندیل.

 

هه‌روه‌ها باوكی منداڵه‌ رفێندراوه‌كه‌ راشیگه‌یاندووه‌ پێیان گوتم واز نەهێنیت، ئاڵایەكی داعش دەدەینە دەست كوڕەكەت و دەڵێین ئەم منداڵە داعشەمان گرتووە“

Back to top button