رونکردنەوەیەک لە وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان
دوای ئەوەی لە چەند پەیجێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وا بڵاو کرایەوە کە ٣٧ ملیۆن دۆلار لە پرۆسەی رووبەڕوو بوونەوەی کۆرۆنا، بەهەدەر دراوە وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە خەرجکردنی ٣٧ ملیۆن دۆلاری بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەهەدەردانی تێدا کرابێت و جەختدەکاتەوە کە بودجەکە لەلایەن گەنجینەكانەوە خەرجکراوە.
لەروونکردنەوەیەکدا سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری تەندروستی رایگەیاندووە: “بودجە تەرخانكراوەكان بۆ نەخۆشی كۆرۆنا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام مانگانە دابین دەكرێت و لەلایەن وەزارەتی دارایی ڕاستەوخۆ بۆ بەڕێوبەرایەتیە گشتییەكانی تەندروستی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان لەلایەن گەنجینەكانەوە وەکو هەر بودجەیەکی دیکە خەرجدەكرێت”.
دهقی رونكردنهوهكه:
ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی …
لە پەیجێكی سۆشیال میدیا بابەتێك بڵاوبووەتەوە بە ناونیشانی (وەزیری تەندروستی 37 ملیۆن دۆلاری بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنای چی لێكردووە).
هەرچەندە زۆر پێویست نییە وەڵامی ئەم جۆرە چەواشەكار و بێناوانە بدەینەوە، بەڵام بۆ ڕای گشتی و هاووڵاتیان گرنگە بەرچاوڕوونیان هەبێت كە سەركەوتنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەوەندە گەورەیە بەم جۆرە هەواڵە بێ بنەماو بێ سەروبەریە بچووك نابێتەوە، لێرەوە ڕایدەگەینین كەوا بوودجە تەرخانكراوەكان بۆ نەخۆشی كۆرۆنا بەسوپاسەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام مانگانە دابین دەكرێت و لەلایەن وەزارەتی دارایی ڕاستەوخۆ بۆ بەڕێوبەرایەتیە گشتییەكانی تەندروستی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان لەلایەن گەنجینەكانەوە وەکو هەر بوودجەیەکی دیکە خەرجدەكرێت تەنانەت یەك سەنت یان یەك دیناریش لەلایەن وەزارەتی تەندروستی خەرج نەكراوە بەڵکو تەواوی دەسەڵات بە فەرمانگەكانی تەندروستی دراوە بۆ خەرجكردن كە بە متمانە و سوپاس و دەستخۆشیەوە بەڕێكوپێكی بۆ بابەتە هەستیار و پێویستیەكان لەسەر بنەماكانی ڕێنمایی دارایی خەرجدەكرێت و پسوڵەو ووردەكاریەكان دوای ووردبینی کردن لەلایەن گەنجینەكانەوە وەردەگیرێتەوە.
جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە كەوا ئەم جۆرە قسە هەڵبەستراوانە (بەری ڕۆژ ناگرێت بە بێژنگ) بەڵكو گوڕوتینمان زیاتر دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایەو خزمەتكردنی هاووڵاتیانی خۆشەویست هەروەك چۆن لە دواهەمین شوێنەكانی جیهان بووین لە تەشەنەكردنی ئەم بڵاوبوونەوەیە، بە هەوڵ و پاڵپشتی هاووڵاتیان و پەرۆشی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستاش لە ڕێزی پێشەوەین بۆ كەمكردنەوە و هێواشكردنەوەی بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشییە، هیوادارین هاووڵاتیان زیاتر پابەندی ڕێنماییەكانی تەندروستی بن، هەرگێرەشێوێنێكیش كە هەوڵی لەكەداركردنی ئەم كارو چالاكیانە بدات ڕووبەڕووی دادگا و ڕێكاری یاسایی دەكەینەوە بۆ سەلماندنی هەر قسەیەكی نەشیاو لەپێناو مەرامی تایبەتیان.
سكرتێری ڕۆژنامەوانی
وەزیری تەندروستی
٢٠٢١/١/٣