لەبارەی ئێرانەوە ترەمپ پەیوەندی بەسەرۆكی وڵاتانی عەرەبیەوە دەكات

خواكوڕك

لەچەند رۆژی رابردوو سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سێ وڵات ( عێراق و قەتەر و كوێت) ئەنجام داوە و ئاژانسی ئەنادۆلی توركیش ناوەرۆكی ئامانجی ترەمپ ئاشكرا دەكات و دەلێت پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان  سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئالسانی و میری کوێت، شێخ سەباح ئەحمەد جابر ئەلسەباح، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، پەیوەندی بەئێرانەوە هەیە”.

پێشتر لەروونکردنەوەیەکدا کە لەلایەن کۆشکی سپییەوە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان  دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ حەیدەر عەبادی دا كۆشكی سپی ئاشكرا كردبوو، ترەمپ جەختی لە پشتیوانییکردنی گەلی عێراق لەبەرەنگاربوونەوەی داعش کردووەتەوە و بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنانەی سوپای عێراق لەدژی رێکخراوەکە بەدەستیان هێناوە پیرۆزبایی لێ کردووە، هەر لەروونکردنەوەکەی كۆشكی سپی دا هاتووە، ترەمپ بەڕێزەوە لەهەوڵەکانی عەبادی دەڕوانێت و سەرەخۆشیشی ئاراستەی ناوبراو کردووە بەهۆی کوژرانی سەربازانی سوپای عێراق لەبەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا، هەروەها هاتووە ”هەردوولا تاوتوێی ئەو هەڕەشانەیان کردووە کە ئێران لەتەواوی ناوچەکە دروستیکردووە و پابەندیی خۆیان بە رێککەوتننامەی ستراتیژیی هاریکاریی نێوان ئەمریکا و عێراق دووپاتکردووەتەوە”.

کۆشکی سپی لەروونکردنەوەیەكی تریشدا ئاماژەی بە پەیوەندییە تەلەفۆنی نێوان ترەمپ  لەگەڵ میری قەتەر كردووە ، باسی لەگرنگیی هاریکاریی بواری بەرگریی لەنێوان ئەمریکا و قەتەردا کردووە.هەروەها لەپەیوەندییەکەدا باسی دوایین پێشهاتەکانی سووریا کراوە و لەروونکردنەوەکەدا هاتووە ”هەردوولا هاوڕابوون لەسەر شکست پێهێنانی داعش و ئەنجامدانی زەمینەسازیی بۆ وەرچەرخانێکی سیاسیی سەرکەوتوو. سەرۆکی ئەمریکا و میری قەتەر، بەپێویستیان زانی هاریکارییەکانیان لە هەریەک لە بوارەکانی ئابووریی، وەبەرهێنان و بڕینی ئەو سەرچاوانەی هاوکاریی تیرۆر لەرووی داراییەوە دەکەن، بەردەوام بێت”.

هاوکات ترەمپ سوپاسی میری کوێتی کردووە بۆ میواندارییکردنی سەبازانی سوپای ئەمریکا لەسەر خاکی وڵاتەکەی، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی هاریکارییەکان لەبەرەنگاربوونەوەی رێکخراوەی تیرۆریستیی داعش و لەروونکردنەوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە ”بیروڕا سەبارەت بە میکانیزمەکانی رێگرییکردن لەئەنجامدانی کردەوە خراپەکانی ئێران لە ناوچەکە، ئاڵوگۆڕ کرا”.

Back to top button