برێت مەکگۆرک جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی

برێت مەکگۆرک، نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی و پۆستێکی باڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا وەردەگرێت.

بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، له ‌چوارچێوه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی و دیاریكردنی به‌رپرسه‌ باڵاكانی كۆشكی سپی، جۆ بایدن بڕیاریداوە برێت مه‌كگۆرگ وه‌ک به‌رپرسی دۆسیه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیا دیاریبکات.

بایدن لە دوای دیاریکردنی بە سەرۆکی‌ هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی ئیدارەکەی‌ ئۆبامای گەڕاندەوە کۆشکی سپی و پۆستی جیاوازی پێدان، لە دیارترینیان ئەنتۆنی بلینکن و جۆن کیرییە.

پێشتر، برێت مه‌كگۆرگ له‌لایه‌ن باراک ئۆباما سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكاوه‌ وه‌ک نێردەی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش دیاریكرا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی دۆناڵد تره‌مپ بۆ كۆشكی سپی له‌كاره‌كه‌ی دوورخرایه‌وه‌.

 

Back to top button