كۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنا بۆ كاتێكی نادیار دواخرا كه‌ بڕیار بوو تێیدا بڕیار له‌ باره‌ی چاره‌نوسی خوێندن بدرێت

 

دوای ئه‌وه‌ی بڕیار درا كه‌ سبه‌ی 7ی مانگ كۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌ی باڵای رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ئه‌نجام بدرێت  و تێیدا بڕیار له‌سه‌ر واده‌ی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌كان به‌ رووی قوتابیاندا بكرێته‌وه‌، سه‌رۆكی لێژنه‌ی په‌ره‌وه‌رده‌و خوێندنی باڵا رایگه‌یاندووه‌ له‌سه‌ر داوای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواخرا بۆ كاتێكی دیكه‌.

عه‌بدولسه‌لام دۆله‌مه‌ری سه‌رۆكی لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاندووه‌ كه‌  لەسەر پێشنیازی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا دواخرا بۆ کاتێکی تر، تاوەکو دڵنیا دەبنەوە لە مەترسی ڤایرۆسە نوێ یەکە ،

 

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندووه‌ لە کۆبوونەوەی ٢٠٢٠/١٢/٦  مان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە تەبەنی ئەوەمان کردبوو کەوا پێویستە لە بەرواری ٢٠٢١/١/١٠ دەست بە پڕۆسەی خوێندن بکرێت ، بەڵام لەکۆتاییدا سەلامەتی گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خانەوادە بەڕێزەکانیان لە ھەموو شتێک گرنگترە.

 

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان راشیگه‌یاندووه‌ داواتان لێ دەکەین کەوا دان بەخۆتاندا بگرن و چاوەڕێی دوا ھەڵسەنگاندنی تەندروستی و ئامادەکاری و میکانیزمی وەزارەتی پەروەردە بکەن، با قوتابیان و خوێندکارانی ئازیز دڵنیابن کەوا ئەم ساڵی خوێندنیان پارێزراو دەبێت.

 

Back to top button