چوار بەرپرسی ئیدارەی ترەمپ دەستیان لەکارکێشایەوە
چوار راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا بەهۆی هێرشەکردنەسەر بارەگای کۆنگرێس لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتەوە دەستیان لەکارکێشایەوە .
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لەچوارچیوەی دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەریەک لە (ئیرین والش گەورە راوێژکار بۆ کاروباری ئەفریقا، مارک ڤاندروف بەڕێوەبەری یەکەمی سیاسەتی بەرگری، ئانتۆنی رۆجیرۆ بەڕێوەبەری یەکەمی چەکی کۆمەڵکوژ و وێرانکار و رۆب جیرنوای بەڕێوەبەری یەکەم بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا) لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا دەستیان لەکارکێشایەوە.
پەیوەست بەکاردانەوەکانیش بەرامبەر هێرشکردنەسەر کۆنگرێس دوێنێ جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەوتارێکدا دوای پەسەندکردنی سەرکەوتنی لەلایەن کۆنگرێسی وڵاتەکەیەوە رایگەیاند، بانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ساختەکاری هیچ بنەمایەکی نەبووە و ناوبراو زیانی زۆری بەسیستەمی دیموکراسی وڵات گەیاند بەجۆرێک چوار ساڵ سوکایەتی بەدەستور کرد و لەئیدارەی وڵاتدا شکستی هێنا، ئەوەی دوێنێش رویداو سەروەری ئەمریکای کردەئامانج.
رۆژی چوارشەممە لەکاتی دانیشتنەکانی کۆنگرێس بۆ داننان بەسەرکەوتنی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بەسەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکادا دوای کۆبونەوە و گوێگرتن لەوتارێکی ترەمپ، لایەنگرانی هێرشیانکردە سەر بینای کۆنگرێس و بەهۆیەوە دانیشتنەکان راگیران، دواتر پۆلیس گیانلەدەستدانی چوار کەس و دەستگیرکردنی 52 کەسی دیکەی راگەیاند.