حکومەت بە مەبەستی رێکخستنەوەی باج یازدە بڕیاری نوێ دەردەکات

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی رێکخستنەوەی سیستمی کۆکردنەوەی باج و رسومات بە ئامانجی پەیڕەوکردنی دادپەروەری و لەبەرچاوگرتنی بەرژوەندی گشتی و لەسەر راسپاردەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی 11 بڕیاری نوێ دەردەکات و رایدەگەیێنێت، لەمەودوا 20%ی باج لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت و گەیاندن و راستەوخۆش باجی دەرامەت لە کارمەندانی کەرتی تایبەت وەردەگیرێت.

بەپێی نووسراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی 10-1-2021 دەرچووە و واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، وەزارەتەکانی گواستنەوە و گەیاندن و دارایی و ئابووری/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری راسپێردراون بە:

– دیاریکردنی بنەماکانی پابەندکردنی کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان بە پێدانی باجی فرۆشراوەکان بە رێژەی 20٪ هاوشێوەی کۆمپانیاکانی دیکە کە لە بەشەکانی دیکەی عێراق پابەندکراون بە دانی ئەو باجە.

– دیاریکردنی بنەماکانی پابەندکردنی کۆمپانیا بەشداربووەکانی بواری گەیاندن (کۆڕەک تیلیکۆم، ئاسیا سێڵ و زین) بە پێدانی باجی فرۆشراوەکان لە بەرامەبەر پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە سنووری هەرێمی کوردستان.

لە خاڵێکی دیکەی بڕیارەکاندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست بەمەبەستی ئامادەکردنی هەمواری پەیڕەوی لێبڕینی راستەوخۆی باجی دەرامەت لەسەر کارمەندانی کەرتی تایبەت راسپاردووە.

هەروەها وەزارەتەکانی دارایی و ئابووریی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری، ناوخۆ و سامانە سرووشتییەکان بۆ دیارکردنی بنەماکانی وەرگرتن و پابەندکردنی کۆمپانیاکانی سکیوریتی لە بواری نەوت و گاز بە پێدانی باجی شایستە.

لە یەکێکی دیکە لە بڕیارەکاندا هاتووە، راسپاردنی وەزارەتەکانی دارایی و ئابووریی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری، بە دیاریکردنی بنەما و میکانیزمی گونجاو بۆ وەرگرتنی باجی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە رەچاوکردنی بەکارهێنەر و بەرژەوەندی گشتیی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەریەکە لە وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری / بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری و بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان رادەسپێرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو پرۆژانە کە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کاردکردن و وەبەرهێنانیان هەیە، بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان لێخۆشبوونی گومرگی و باج دەیانگرێتەوە و لە هەمان کاتدا سوودمەندن لە رێکارەکانی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، بەمەبەستی دیاریکردنی میکانیزمێکی گونجاو بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ لە ئەستۆگرتنی بەشێک لە پابەندییە داراییەکان بەرامبەر بە حکومەت.

 

لە خاڵی شەشەمی بڕیارەکاندا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێریایی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێداچوونەوە بە وەرگرتنی (رسومات) کە لەلایەن دەستە و کۆمەڵەکان وەردەگیرێن، تاوەکو میکانیزمێکی گونجاو دیاریدەکرێت و (رسوماتەکان) لەلایەن حكومەتەوە وەربگیردرێن.

 

سەبارەت بە  کارمەندانی بیانیی کۆمپانیاکانی نەوت و گاز، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی بۆ دیاریکردنی میکانیزم و بنەمانی گونجاوی وەرگرتنی (باجی لێبڕێنی راستەوخۆ) لەو کارمەندە بیانییانە راسپاردووە، کە لە کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

 

لە خاڵێکی دیکەی بڕیارەکاندا هاتووە، کە هاوشێوەی حکومەتی عێراق باجی فرۆشراوەکان (مبیعات) لە میوانخانە و چێشتخانەی 4 ئەستێرە بەسەرەوە وەردەگیرێت و حکومەت وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و وەزارەتەی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ ئەم مەبەستە راسپاردووە.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە لەمەودوا باجی شایستە لە بواری ریکلام لە کەرتەکانی (گشتی و تایبەت) وەربگرێت و بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتەکانی گواستنەوە و گەیاندن و رۆشنبیری و لاوان و دارایی و ئابووری و شارەوانی و گەشتوگوزاری راسپاردووە.

 

لەمەودواش بە بڕیاری حکومەت وەزارەتی دارایی و ئابووری (رسومات) لەبەرامبەر لێدانی ستیکەر (Lable) لەسەر مەوادەکانی (جگەرە و کحول) هاوشێوەی بەکارهێنانی ستیکەری دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی دوو مانگی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی سەرەوە دیاریکردووە دەڵێت: دواتر راستەوخۆ جێبەجێکردنی بنەما و میکانیزمەکان کە دیاری دەکرێن بەپێی ناوەڕۆکی ئەم فەرمانە کە دەرکراوە. هەروەها فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون راسپێردراوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی نێوەڕۆکی ئەم فەرمانە و هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکانی و دیاریکردنی ئاستی پابەندییەکانی و لایەنەکانی کەمتەرخەمی بکات.

Back to top button