بزانن بە چ هۆکارێک دادگای پێنجوێن داوای هەڵگرتنی پاریزبەندی عەلی حەمە ساڵح دەکات

 

 

عەلی حەمە ساڵح ئاشکرای دەکات قەبارەی قاچاغی لە خاڵی سنووری باشماخ  پەنجاو پێنج ملیۆن دۆلارە ، دەمانترسێنن بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بشارینەوە .

بە پێی ئەو نووسراوەی لە لایەن داداگای لێکۆڵینەوەی پێنجوێن دەرچووە، داوا لە پەرلەمانی کوردستان کراوە پاریزبەندی لە سەر عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان هەڵگرن .

ئەو نووسراوە کە هەڵگری واژووی دادوەر تالب مەجید شەریفە لە پەیجی تایبەتی عەلی حەمە ساڵح بڵاو کراوەتەوە .

لە نووسراوەکەی دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجوێندا  هاتووە “لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، کە لەم دادگایە سکاڵایان تۆمارکردووە لەدژی پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح، گوایە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک تۆمەتی داوەتە پاڵیان کە چەندین بارهەڵگری قاچاغ بەبێ گومرگکردن ئاودیو دەکرێن، لەبەرئەوەی ناوبراو پارێزبەندیی هەیە، داواکارین ئاگادارمان بکەنەوە لە رەزامەندیتان بە هەڵگرتنی پارێزبەندی ناوبراو بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی لەدژی، بەپێی ماددەی 1/433 لە یاسای سزادان”.

هاوکات عەلی حەمە ساڵح لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وڵامی داوەتەوە ونووسی  “بەڵێ، دەیڵێمەوە: قەبارەی قاچاخی مانگانە لە باشماخ 55 ملیۆن دۆلار زیاترە… دوایەمین ھەوڵیان ئەوەیە لە رێگای دادگاوە بمانترسێنن. بێمنەت بن و چیتان لەدەستدێت بیکەن”.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان روونکردنەوە لە سەر چۆنیەتی بە قاچاغ بردنەکەش دەدات و ئاماژەی پێداوە  “لە بازاڕی جگەرەکە نووسینگەی قاچاخیان داناوە و ئێستا تەواوی جگەرە بە قاچاخ دێت. لە عەقاری نووسینگەی قاچاخیان بۆ ئۆتۆمبێل داناوە و ھەموو ئۆتۆمبێلێکی رێگەپێنەدراو داخڵ دەکەن. لە جبس و ھێلکە و فەرش و کەرەستەی کارەباییەوە، تاوەکو بزن و مەڕ و پاککەرەوە باقاچاخ داخڵدەکەن”.

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا عەلی حەمە ساڵح باس لەو هیزە ئەمنییە دەکات کە بە هەماهەنگی ئەوان کاری نایاسایی و قاچاغ دەکرێت و دەنووسێت  “ئەو هێزە، هەماهەنگی بۆ سەرجەم بارە قاچاخەکان دەکات، پاشان لە ھەموو بازگەکانیش بەناوی باری هەماهەنگی بۆ کراو، بەبێ ئەوەی داوای مەنەفێست و پەڕەی گومرگ بکەن، هاوردەی دەکەن”.

لە کۆتاییشدا باس لە  لیوا مەریوان، بەرپرسی کۆمەڵگای باشماخ دەکات و دەڵێت  “ئەگەر دەزانن باسکردنی ئەم قاچاخیە خراپە، تەنسیقی بارە قاچاخەکان رابگرن”.

نووسراوەکەی دادگا بۆ پەرلەمان

Back to top button