سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ فه‌رمانده‌ى هێزى ئاسمانی عێراق كرد

 

 

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13/1/2021  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز شەاب جاهد زه‌نگه‌نه‌، فه‌رمانده‌ى هێزى ئاسماني عێراق كرد.

له‌ ديدارێكدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌بۆنه‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كه‌ى و ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك فه‌رمانده‌ى هێزى ئاسمانی عێراق، پيرۆزبايى له‌ به‌ڕێزيان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌رك و پۆستى تازه‌يدا بۆ خواست.

نێچيرڤان بارزانى  سەرۆکی هەرێمی کوردستان جه‌ختى له‌ ڕۆڵى سوپاى عێراق وه‌ك سوپايه‌كى نيشتمانى بۆ پارێزگارى و به‌رگريكردن له‌ وڵات و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر كرده‌وه‌ و يادى سه‌دساڵه‌ى دامه‌زراندنى له‌ سوپا پيرۆز كرد.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز شەاب جاهد زه‌نگه‌نه‌، فه‌رمانده‌ى هێزى ئاسمانيى عێراق، سوپاس و پێزانينى خۆى بۆ به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ پێشوازيكردنى ده‌ربڕى.

Back to top button