راگه‌یێندراوێك له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن

 

 

راگەیەندراوێک لە راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە :

پاش کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە ، ١٣ ی ١ی ٢٠٢١  ی لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی  ڤایرۆسی کۆرۆنا ، بەسەرپەرشتی بەرێز وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی بەرێزان : لە وەزیرانی تایبەتمەند و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ، بریاردرا :

١-  رۆژی شەممە ، ١٦ ی ١ ی ٢٠٢١ ، خوێندن لە قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەکانیەوە ، لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومیەکان دەستپێدەکاتەوە.

٢- پرۆگرامی خوێندن بە ریزبەندی دەخوێندرێت . رۆژ و کاتی  تاقیکردنەوەکانی وەرزی و تاقیکردنەوە گشتییەکان بەگوێرەی ئەو خشتانەی کە بە نوسراوی فەرمی بلاودەکرێنەوە کاریان پێدەکرێت.

٣- لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بەمەبەستی خۆپارێزیی مامۆستایانی بەرێز تەنها ئەوکاتانە لە قوتابخانە دەبن کە وانەیان هەیە ، پاش وتنەوەی وانەکانیان پابەند ناکرێن بە مانەوە لە ناو قوتابخانە .

٤- لە رۆژی شەممە ١٦ ی ١  تا ماوەی یەک هەفتە ، ئەو بژارەیە دەخرێتە بەردەم بەخێوکاری قوتابیان و خوێندکاران ، لە رێگای فۆرمێکەوە کە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی کردووە  و لە قوتابخانەکان پڕ دەکرێتەوە ، کە بەخێوکار سەرپشک دەکات قوتابیەکەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بکات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیکردنەوە نوسینەکیەکانی لە ناو پۆل دەبێت ئەنجام بدات.

٥- رێنماییە خۆپارێزییەکان لە ناوەندەکانی خوێندن جێبەجێدەکرێت و پێگیریی بە رێنماییەکان زامنکاری بەردەوام بوونی خوێندنە ، بۆ ئەومەبەستە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان بۆ بابەتی پرۆسەی خوێندن ، کە بەسەرپەرشتی بەرێز پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەرێوەبەرانی گشتی پەروەردە و تەندروستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان پێکهاتووە ، هەماهەنگی دەکەن بۆ باش بەرێوەچوونی پرۆسەکە.

٦- لەڕووی پرەنسیپەوە ، کۆبوونەوە پلانی وەزارەتی پەروەردەی پەسەند کرد بۆ دەستپێکی خوێندنی قۆناغەکانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی  وپەیمانگاکان ، حکومی و ناحکومی ،  کە لە ١ ی ٣ ی ٢٠٢١  دەستپێبکات ، لە ٢ ی ٢ ی ٢٠٢١ لیژنەی باڵا کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی و هەر بریارێکی نوێ کە پێویست بێت بۆ گۆڕانکاری لەو بەروارە ( بۆ قۆناغەکانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی ) بە گوێرەی بڵاوبوونەوە و کەمبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پاشان وەزارەت پلانی پەسەندکراو بە نووسراوی فەرمی گشتاندنی پێدەکات.

پارێزراو تەندروست ساغبن.

 

راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە

١٣ ی ١ ی ٢٠٢١

Back to top button