چاکسازی سەرەتایی لە وەزارەتی شارەوانی بۆتە هۆی گەڕانەوەی چەندین ملیار بۆ حەزێنەی حکومەت
لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار ڕایگەید ، بەهۆی چاکسازی لە وەزارەتەکەیان تەنها لە یەک سێکتەر ١٠ ملیار بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕوەتەوە .
کوردۆ شابان لەو لێدوانەیدا ئاماژە بەوە دەکات ،”وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردەوامە لە چاكسازییەكان و پرۆسەی چاكسازییش درێژخایەنە و لە ھەر سێكتەرێكدا ئێمە چاكسازی بكەین، ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی رادەگەیەنین، لە نوێترین چاكسازیشدا، چەندین مەرجی تازەمان بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە داناوە كە كاری خاوێنكردنەوە دەكەن و گرێبەستی ھەولێر بە كۆتا ھات و ئێمەش بۆمان نوێ كردنەوە، بەمەش توانرا زیاتر لە ١٠ملیار دینار بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە، ھەر كاتێك گرێبەستی سلێمانی و دھۆكیش تەواو بێت، بۆ ئەوانیش بەپێی مەرجە تازەكان نوێی دەكەینەوە”.
هاوکات شابان روونی دەکاتەوە ، لە گرێبەستە نوێكاندا چەند زۆنێكی خاوێنكردنەوە زیاد كراون و ئاستی كوالێتی پرۆسەكەش بە زیادكردن و بەرزكردنەوەی ژمارە و مۆدێلی ئۆتۆمبێل و ئامێرەكان بەرز كراوەتەوە، كە بە ھۆی ئەو چاكسازییەوە، ساڵانە پارەیەكی زۆر بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شابان ئاماژە بە گرێبەستەکانی خاوێنکردنەوە دەکات و دەڵێت ، گرێبەستی خاوێنكردنەوە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ یەك ساڵ بریتی بوو لە (٢٩،٥٨٢،٧٥٣،٤٠٠ دینار) و ئەوەی نوێ پارەكەی زۆر كەم بووەتەوە و ئێستا بۆ ماوەی یەك ساڵ بووەتە (١٩،٥٢٥،٦٧٧،٣٢٤ دینار).
لە کۆتاییدا گوتی : لەگەڵ زیادكردنی چەندین زۆنی نوێی خاوێنكردنەوە و بەرزكردنەوەی كوالێتی پرۆسە و زیادكردنی ئامێر و ئۆتۆمبێلیش كە لە گرێبەستی كۆن نەبوونە و لە نوێكەدا ھەن، واتە جیاوازی نێوان ھەردوو گوژمەی كۆن و نوێ بۆ یەك ساڵ، زیاتر لە (١٠) ملیار دینارە و بۆ حكوومەت گەڕاوەتەوە.