ئامانجی سەردانەكەی حەكیم بۆ هەولێر دواخستنی پرسی سەربەخۆیی كوردستان بووە بارزانی ڕەتیكردۆتەوە
خواكوڕك
دوای ئەوەی شاندێكی باڵای شیعە سەردانی هەرێمی كوردستانیانكرد, تێیدا لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسیەكانی هەرێم كۆبووەوە, بە پێی زانیاریەكانیش حەكیم بەر لە هاتنی بۆ هەولێر لەگەڵ عەبادی كۆ بووەتەوە و سەرۆك وەزیران داوای لێ كردووە بارزانی رازی بكات پرسی سەربەخۆیی كوردستان دوا بخات، بەڵام لە كۆبوونەوەكان بارزانی ڕەتی كردووەتەوە ئەو پرسە دوا بخات و ئاماژەی داوە، گەڕانەوە بۆ دواوە لە پرسی سەربەخۆیی بوونی نییە.
خواكوڕك لە سەرچاوەیەكی ئاگادار دەستی كەوتووە كە ئامانجی شاندیی شیعی لە سەردانەكەیان بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم بۆ دواخستنی پرسی سەربەخۆیی و ریفراندۆمی كوردستان بووە، چونكە بەر لەوەی حەكیم سەردانی هەولێر بكات، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ بووەتەوە و عەبادی داوای لێ كردووە، بارزانی ڕازی بكات بە دواخستنی ئەو پرسە بۆ دوای جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی حەكیم كە بۆ ئاشتەوایی لایەنەكان و پێكهاتەكانی عێراق خستوویەتییە ڕوو, بەڵام پڕۆژەكەی عەمار حەكیم لە نێو گفتوگۆكان رەتكراوەتەوە.
بە پێی زانیاریەكان عەمار حەكیم گوتویەتی:” پێویستە بابەتی سەربەخۆی تا دوای ئەو پڕۆژەیەیی ئەو دەیخاتە روو هەلبگیرێت, یان تا دوای كۆتا هاتنی مەترسیەكان لەسەر عێراق چونكە ئەو كات زەمینەی لە بارتر دێتە ئاراوە بۆ قسەكردن لەسەر پرسی جیابوونەوە و ریفراندۆمی كوردستان ئەو كات دەتوانرێت بە وردی باسی لێوە دەكرێ”.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی:” بارزانی لەو كۆبوونەوەیەدا دووپاتی كردووەتەوە كە ئەو پشتیوانی پڕۆژەكەی حەكیم دەكات، بە مەرجێك پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ببێتە بەشێك لە پڕۆژەكە و پێگەی خۆی لە نێو لایەن و پێكهاتە سوننییەكانیش بەكار دێنێت، تا ئەوانیش بچنە نێو ئەو پڕۆژەیە و ئامادەیییان هەبێ، بەڵام بەهەموو شێوەیەك داواكەی حەكیمی ڕەت كردووەتەوە كە باسی لە دواخستنی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان كردووە.
ئەو سەرچاوەیە دەشلێت بۆیە ئەو شاندنە نێردراوە, چونكە حەكیم پێوەندییەكی پتەو و دێرینی لەگەڵ بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، عەبادی ئەو كەسایەتییەی بە تاكە ڕێگە زانیوە بۆ دواخستنی پرسی جیابوونەوە و سەربەخۆیی كوردستان، بەڵام لە بەرامبەر قسەكانی ئەلحەكیم، بارزانی ئاماژەی بەوە داوە كە كاری یەكەمی كوردستان لە قۆناغی ئێستەدا ریفراندۆم و سەربەخۆییە و گەڕانەوە بۆ دواوە و دواخستن بوونی نییە:”