تویتەر هەژمارەكانی كۆشكی سپی ئەمەریكا دەداتە ئیدارەی بایدن
تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، لەڕۆژی 20ی ئەم مانگە كە جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا سوێندی یاسایی خوارد، سەرجەم هەژمارەكانی تایبەت بە كۆشكی سپی دەدات بە ئیدارەكەی بایدن.
تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت، ئاسانكاری لە گواستنەوەی هەژمارەكانی تایبەت بە كۆشكی سپی دەكات بۆ دەستی ئیدارەی نوێ، لەنێویاندا هەژماری كۆشكی سپی، سەرۆكی ئەمریكا، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، خانمی یەكەمی ئەمریكا و سكرتێری رۆژنامەوانی كۆشكی سپی.
بەپێی راگەیەنراوی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكە، ئەو كەسانەی فۆڵۆوی ئەو هەژمارانەی تویتەریان كردووە بژاردەی ئەوەیان پێدەدرێت كە دەیانەوێت وەكو فۆڵۆوەر بمێننەوە یاخود نا، واتە بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی فۆڵۆوەرەكان نادرێن بە ئیدارەی نوێی ئەمریكا.
لە ماوەی رابردوودا و بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی توندوتیژی، هەریەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تویتەر، فەیسبووك و ئینستاگرام، هەژمارەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكایان راگرت.