كۆمپانیای جیهانی (دیلۆیت) ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی وردبینیی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بڵاو کردەوە

 

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بڕیاری ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز لە هەرێمـی كوردستان ده‌قی راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیتی بڵاوكرده‌وه‌.

كۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی پشتڕاستکراوی تایبەت بە داتا و زانیاریی نوێ دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن، خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە (1ی کانونی دووەم/ یه‌نایری 2020 تا 30ی ئەیلولی 2020)ی ئاماده‌ كردووه‌.

راپۆرتەکە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیـزی بەردەستە، شیکردنەوەیەکی چارەکە ساڵانە پێشکەش دەکات دەربارەی زانیارییەکانی هەناردەکردنی نەوت و رێژەی نرخەکان. پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن کۆمپانیای (دیلۆیت)ەوە ئەنجام دراوە.

لە چوارچێوەی پڕۆژەی وردبینی سەربەخۆی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان و وەك بەشێك لە دەستپێشخەری تایبەت بە شەفافییەت لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی وەزیران، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بۆ ئاشکراکردنی زانیاری سەربار دەکات بۆ پەرەپێدانی شەفافییەت لە بواری کەرتی نەوت و گاز. بەمجۆرە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017ەوە بە بەردەوامی راپۆرتەکانی وردبینیکردنی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (دیلۆیت)ەوە بۆ رای گشتی بڵاو دەکاتەوە.

لە ساڵی (2019)ەشەوە داتا و زانیاری پێشکەش کردووە دەربارەی رەسیدی  پێشەکی دراو بە هەرێمی کوردستان کە قەرزاری کڕیارەکانی نەوتە.

لە ساڵی 2020دا  ئاشکراکردنی زانیارییەکان فراوان کران و هاوتاکردنی داتاکانی نێوان بەرهەمهێنان و هەناردەکان و بەکاربردنی ناوخۆشی گرتەوە.

ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بەردەوام دەبێت لەسەر كاركردن بۆ برەودان و دەوڵەمەندكردنی راپۆرتەكانی وردبینی و پێداچوونەوە بە پشتبەستن بە سەرنج و پێشنیازی لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەناویشیاندا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەرەڕای کارکردن بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەکانی چاودێری و وردبینی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییە ناوخۆییەکانی بواری وردبینیی کەرتی نەوت و گاز، و حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی پابەندبوونی خۆی دەكاتەوە لە بەرامبەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كە بەردەوام دەبێت لەسەر وردبینی و پێداچوونەوەی سەربەخۆ بۆ سێكتەری نەوت و گاز بە هەموو پرۆسە و بەشەكانییەوە.

لە خوارەوە دەتوانن دەقی راپۆرتی دیلۆیت بە ئیمزاكراوی بە فۆرمی (PDF) داتاکانی پشتڕاستكراوی نەوتی خاوی هه‌رێمی كوردستان بۆ (1ی کانونی دووەم/ یه‌نایری 2020 تا 30ی ئەیلولی 2020) دەستبخەن.

Back to top button