رۆژهەڵاتی کوردستان : کچێک دەڵێ کوردستانیم نەک ئێرانی ، بۆیە گوتیان زمانت دەبڕین

 

تەرانە محەممەدی ناسراو بە ( تەنیا ) شاعیر و نووسەری خەڵکی بانە ، لە دوای ئەوەی لە ڕێگەی لایڤێکەوە بەشداری بەرنامەی جەند هونەرمەندێک دەبێت و لەوێدا پێناسەی خۆی وەک کوردستانی دەردەخات و حاشا لە ئێرای بوونی خۆی دەکات ، لە لایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتڵاعات و سازمانی ئیتڵاعات دەڕفێندرێت و سووکایەتی پێدەکرێت .

وەک ماڵپەڕی هەنگاو ئاشکرای کردووە سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی محەمەدی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە #تەنیا بە بنەماڵەکەی وتووە: ”ئەوان -هێزە ئەمنییەکان- چوار کەس بوون و ئۆتۆمبێلێکی جۆری MVM بە ڕەنگی سپی و شووشە (جام) ڕەشیان پێ بووە و ڕاست لە بەرماڵەکەمان تەلیسان بە سەرم کێشاوە و خستوومیانەتە نێو ئۆتۆمبێلەکە و بردوومیانەتە دەرەوەی شار و دوای بێڕێزی و سووکایەتی و هەڕەشەکردن دیسان تەلیسەکەیان بەسەرما کێشاوەتەوە و لە گەڕەکێکی نزیک ماڵی خۆمان دامیانبەزاندووە“.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە تەنیا محەممەدی لە ماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین جار بە ڕەقەمی نەناسراو هەڕەشەی لێکراوە و چەندین جاریش لەلایەن ئیدارەی #ئیتلاعات و پۆلیسی بانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لێکراوە.

تەرانە محەممەدی تەمەن ٢١ ساڵ و لەدایکبووی شاری بانەیە و ئێستا خوێندکاری زانکۆی مەهاباد و شارەزایی تەواوی لە سەر زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی هەیە.

Back to top button